وەزیرێك بەهۆی درۆیەكەوە دەستی لەكاركێشایەوە

لە كۆبوونەوەی نائاسایی پەرلەمانی هۆڵەندا هاڵبی زیلسترا وەزیری دەرەوە، دوای ئەوەی دانی بەوەدا نا لەبارەی كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆكی روسیا درۆی كردووە، دەستیلەكاركێشایەوە.

لەو كۆبوونەوەی پەرلەمانی هۆڵەندا كە كۆبوونەوەیەكی نائاسایی بوو دووبارە متمانە بە حكومەت بەخشرایەوە، بەڵام وەزیری دەرەوە دوای ئەوەی دانی بەوەدا نا درۆی كردووە، بە چاوێكی فرمێسكاوییەوە وتی "جگە لەپێشكەشكردنی دەستلەكاركێشانەوەم بە پادشا، ئەمڕۆ هیچ بژاردەیەكی تر نابینم".

هاڵبی زیلسترا  كە ماوەی چوار مانگە، پۆستی وەزیری دەرەوەی هۆڵەندای وەرگرتووە، وتی "بەشێوەیەكی رەها، ئەمە گەورەترین هەڵەیە لە ژیانی سیاسیم، پێویستە راستگۆیی وەزیری دەرەوە دوور بێت لە گومان".

كاتێكیش پرسیار لە مارك روتە سەرۆك وەزیرانی ئەو وڵاتە كرا، لەبارەی درۆكەی وەزیری دەرەوە، وتی "ئەوە هەڵەی من بوو، پێموانەبوو ئەم كارە ئەو رووداوە سیاسیەی لێدەكەوێتەوە، من كاریگەری ئەم درۆیەم بەكەم زانیبوو".

درۆكەی وەزیری دەستلەكاركێشاوەی دەرەوەی هۆڵەندا پەیوەندی بە كۆبوونەوەیەك هەیە كە بەر لە ١٢ ساڵ لە ئێستا لە ماڵی ڤلادمێر پۆتن سەرۆكی روسیا ئەنجامدراوە و ناوبرا و بەشداری تێدا كردووە.



AM:11:57:14/02/2018