بەغدا لەبارەی زیادكردنی بەشە بودجەی هەرێم ڕونکردنەوە دەدات

حكومەتی عیراق روونكردنەوە لەسەر زیادكردنی بەشە بودجەی هەرێم دەدات و وتەبێژی نوسینكەی حەیدەر عەبادیش  دەڵێت "پشكی هەرێم دەستكاری نەكراوە".

سەعد حەدیسی، وتەبێژی نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عیراق، بە ئاژانسی "سپۆتینگ"ی ڕوسی راگەیاندووە "پرۆژە بودجەی گشتی عیراق بۆ ساڵی 2018 ماوەی  دوو هەفتەیە رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران كراوەو لەئێستاشدا تەنها پەرلەمان دەتوانێت بڕگەكانی پرۆژەكە هەمواربكاتەوە، بە زیادكردن یاخود لابردنی بڕگەكانی".

وتیشی "حكومەت هیچ بڕگەیەكی پرۆژەیاسای بودجەی هەموارنەكردۆتەوەو هیچ بڕە پارەیەكیشی بۆی زیادنەكردووە".

سەعد حەدیسی وتیشی "بەشە بودجەی هەرێم كە لە پرۆژەیاسای بودجەی ئەمساڵ دیاریكراوە، بەهیچ شێوەیەك دەستكاری نەكراوەو هیچ بڕە پارەیەكیشی بۆ زیادنەكراوە".

ئەو قسانەی وتەبێژی نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عیراق، لەوەڵامی ئەو هەواڵانە دێت كە باس لە زیادكردنی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان دەكات بەبڕی یەك تریلیۆن دینار.



PM:08:14:24/02/2018