ڕۆژنامەیەکی ئیسرائیلی: جیهان لە ئاست عەفرین کەڕ و کوێرە

رۆژنامەی "جوریزڵەم پۆست"ی ئیسرائیلی بڵاویكردەوە، وڵاتانی ئەوروپاو جیهان خۆیان لەئاست عەفریندا "كەڕو كوێر" كردووە و هۆکاری ئەوەش "بەرژەوەندی هاوبەشی نێوان یاریزانە سەرەكییەكانی جەنگی سوریایە".

رۆژنامەكە ئاماژەی بەوەكردووە، "كوردانی رۆژئاوای كوردستان ساڵانێك هەوڵی بەدەستهێنانی هاوسۆزی وڵاتانی ئەوروپا و جیهانیانداوە، هاوكات هەوڵی بەدەستهێنانی دروستكردنی ناوچە دژی فڕینیان داوە لە حەلەب، بەڵام شكستیانهێناوە".

رۆژنامەكە نوسیویەتی، "كوردەكانی عەفرین لەژێر بۆردومانی فڕۆكەكاندا دەڵێن جیهان وازی لێمان هێناوە، بەڵام راستیەكە ئەوەیە كە سیاسەتی گاڵتەجاڕانە و بەرژەوەندی هاوبەشی نێوان یاریزانە سەرەكییەكانی جەنگی سوریا وایكردووە خۆیان لە ئاستی قەیرانە مرۆیەكانی عەفرین كوێر بكەن".

لە درێژەی راپۆرتەكەدا ئاماژەی بە شەهیدكردنی هاوڵاتیانی مەدەنی عەفرین و تێكدانی خانوو ماڵی و خاپوركردنی هێڵەكانی پەیوەندی كراوە لە عەفرین.

رۆژنامەكە هاوكات باسی لەوەش كردووە، "رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و مافەكانی مرۆڤ لە ئاستی پێوستدا نەبوون لە گەیاندنی ئازاری كوردەكانی سوریا، بە ئەندازەی ئەوەی كوشتن و قەیرانی مرۆیی لە غوتەی رۆژهەڵات ئیدانە دەكەن و هەوڵی سنورداركردنی توندو تیژییەكان لە عەفرین لە ئاست پێوست نەبووە".



PM:11:21:10/03/2018