پۆلیسی هەولێر ڕوونکردنەوە لەسەر دەستگیرکردنی فەرهاد پیرباڵ دەدات

بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر ڕایگەیاند، بە پێی مادەی ٢٢٦ لە یاسای سزادانی عێراقی فەرهاد پیرباڵ نوسەر و مامۆستای زانکۆ لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکراوە و لەئێستادا چارەسەری دەروونی وەردەگرێت.

بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، دوای ئەوەی  سکاڵا لەسەر فەرهاد پیرباڵ تۆمارکرا، بە پێی مادەی ٢٢٦ دەستگیرکراوە و مادەکەش ئەو کەسانە دەگرێتەوە  کە بەبێ هیچ هۆکارێک قسەی نەشیاو یان ناوزڕاندنی بەرامبەر خەڵک و دام و دەزگاکانی حکومەت ئەنجامدەدەن.

ئاماژەی بەوەشدا، لەسەر داوای بنەماڵەی ناوبراو ئێستا لە ژوورێکدا دانراوە، پزیشکی دەروونی بۆ دابینکراوە بەمەبەستی ئەوەی لە نزیکەوە چاودێری بارودۆخی فەرهاد پیرباڵ بکات بۆ ئەوەی جارێکی تر بێتەوە ناو کۆمەڵگا و بگەڕێتەوە سەرکارەکەی .

وتیشی " تا ئێستا نازانین هۆکاری تێکچوونی باری دەروونی فەرهاد پیرباڵ هۆکاری خێزانیە یان ئابوری یان بەهۆی مادە هۆشبەرەکانەوەیە، دوای پشکنینە پزیشکیەکان هۆکارەکانی تێکچوونی باری دەروونی پیرباڵ لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرا دەکەین، دواتریش دادگا بڕیاری خۆی لەوبارەیەوە دەدات".

نوسەر و مامۆستا زانکۆ فەرهاد پیرباڵ لە چەند رۆژی لە ڕابردوودا بەخێرای لە شەقامەکانی شاری هەولێر ئۆتۆمبیلی لێخوری و دواتر هێرشی کردە سەر مونا قەهوەچی سه‌رۆكى فراکسیۆنى پێشكه‌وتنى توركمان له‌ په‌رله‌مانى كوردستان و دواتر ئەو پەرلەمانتارە ئەو کردەوانەی ناوبراوی بە نەخۆشی دەرونی ناوبرد و ڕایگەیاند "ئەگەر داوای لێبوردن نەکات لە لیستی تورکمانی سکاڵا دژی فەرهاد پیرباڵ تۆماردەکەین ".



PM:04:23:12/03/2018