ستیفن ویلیام هۆکینگ گەردوونناسی ناوداری جیهان کۆچی دوایی کرد.
ئاژانسەکانی هەواڵ بڵاویانکردەوە ستیفن هۆکینگ زانای بواری فیزیا و زانستە ئاسمانییەکان لە تەمەنی ٧٦ ساڵیدا کۆچی دوایی کردووە.
هاوکات بنەماڵەی ستیفن هۆکینگ لە ڕاگەیەندراوێکدا هەواڵەکەیان پشتڕاستکردەوە و ڕایانگەیاند، هۆکینگ لە ماڵەکەی خۆی لە کامبریج-ی بەریتانیا کۆچی دوایی کردووە.
ستیفن ویلیام هۆکینگ کانونی دووەمی ١٩٤٢ لە شاری ئۆکسفۆردی بەریتانیا لەدایکبووە، خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆس بووە لە زانکۆی ئۆکسفۆرد و دکتۆرایشی لە زانکۆی کامبریج بەدەستهێنابوو.
هۆکینگ نەخۆشی (ALS)ی هەبوو، و بەهۆی ئەو نەخۆشییەوە بەردەوام لەسەر کورسی بوو، بەبێ ئامێری تایبەتیی دەنگیش نەیدەتوانی قسە بکات، دوای خۆیشی چەندین کتێب و لێکۆڵینەوەی زانستی دەربارەی زانستی گەردوون جێهێشت.