ئەردۆغان: بەغدا پەکەکە لە شنگال لەناو نەبات ئێمە لەناویان دەبەین

رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند کە پەکەکە لە عێراق دەستی بە جموجۆڵ کردووە، ئەگەر حكوومەتی عێراق، پەکەکە لە شنگال لەناو نەبات خۆمان ئەو کارە دەکەین.

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرکۆماری تورکیا بەبۆنەی ٢١ی ئادار، كە رۆژی دارستانە لە توركیا، لە ناوەندی کۆنگرە و رۆشنبیری بەشتەپە لە شاری ئەنقەرە لە وتارێکدا رایگەیاند کە پەکەکە لە عێراق دەستی بە جموجۆڵ کردووە.

ئەردۆغان لەبارەی داگیركردنی شاری عەفرینی رۆژئاوای كوردستانەوە وتی "ناوەندی شارۆچکەی عەفرین کۆنترۆڵ کرا، بەخێرایی دەستمان بە چاککردنەوەی خوێندنگەکانی کرد، ھەموو نەخۆشخانەکانیش چاک دەکەینەوە، بەڕێوەبردنی ئەوێ لەژێر کۆنترۆڵی خۆماندا دەبێت و ساتێک زووتر کەشێکی ئارامی بۆ دەستەبەر دەکەین".

سەرکۆماری تورکیا، باسی لە ناردنی چەک لەلایەن ئەمریکاوە بۆ سنووری سووریا-تورکیا کرد و وتی "٩١١ کیلۆمەتر سنوورمان لەگەڵ سووریا ھەیە، ٣٥٠ کیلۆمەتریش سنوورمان لەگەڵ عێراق ھەیە. بۆچی ئەو چەکانە بۆ ئێرە دەھێنن؟ کەواتە لەودیو ئەو سنوورە تورکیا ھەیە و دەبێت ئەو چەکانە دژی تورکیا یان ئێران بەکاربھێنێ مەبەستێکی دیکەی نییە، ناتوانێت لەگەڵ رووسیا بچێتە کارێکی لەو جۆرەوە".



PM:10:25:21/03/2018