کادیرێکی نووسینگەی سەرۆک کۆمار هێرشدەکاتە سەر رەنج سەنگاوی

کادیرێکی نووسینگەی رۆژنامەوانی سەرۆک کۆماری عێراق، هێرشدەکاتە سەر میدیاکاری دیاری رووداو رەنج سەنگاوی و دەڵێت" کارێکی زۆر دوور لە ئەخلاق و مۆراڵی رۆژنامەنووسیت ئەنجامدا".

عەبدولواحید دوکانی میدیاکاری یەکێتی و رۆژنامەوانی لە نووسینگەی رۆژنامەوانی د. فواد مەعسوم سەرۆک کۆماری عێراق، لە پۆستێک لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک کە بەناونیشانی " ڕەنجی هاوڕێم کێ لەو داو دانان و ناشیرینکردنە قازانج دەکا ؟؟" نووسیوویەتی، رەنجی هاوڕێم " کارێکی زۆر دور لە ئەخلاق و مۆڕاڵی رۆژنامەنوسیت ئەنجام دا".

لە درێژەی پۆستەکەیدا عەبدولواحید نووسیوویەتی " دڵنیام 7000 ساڵی تر جورئەت ناکەیت داوێکی لەو شێوەیە بۆ کەسێکی پارتی دابنێیت، هاوڕێم تۆ بە حساب پیاوێکی پرۆفیشناڵیت، ئەتەکێت و ئەخلاقی رۆژنامەگەری ئاوهایە ؟".

میدیاکارەکەی سەرۆک کۆمار دەڵێت " هەر کەسێکی یەکێتی، چ لە خوارەوە چ لەسەرەوە، بایکۆتی ڕوداو نەکات لەسەر ئەم هەموو هەوڵدانانەی بۆ ناشیرنکردنی یەکێتی و سلێمانی ، ئەوا گومانم لە ئەخلاق و مەبدەئەکەشی هەیە، هەرچەندە دەبوو تۆش وەفای فێربونت لەم مەدرەسەیە هەبوایە هاوڕێم چونکە ئەگەر یەکێتی و ئەو فەزایە نەبوایە کە تیایدا گەشەت کرد، ڕەنگە ئێستا حەیدەر عەبادیشت نەناسیایە، نەک وەزیری مافی مرۆڤ".

شەوی رابردوو لە بەرنامەی " لەگەڵ رەنج "دا، رۆژنامەنووسی دیاری رووداو رەنج سەنگاوی، چەند پرسیارێکی لەسەر رەوشی مافی مرۆڤ و وەزارەتی مافی مرۆڤ لە د. جوان ئیحسان سەرۆکی لیستی یەکێتی نیشتمانی کوردستانی لە سلێمانی کرد، وەک لە بەرنامەکەدا دەرکەوت، چوان ئیحسان زانیاری نەبوو لەسەر ئەوەی کە وەزارەتێک نییە لە حکومەتی بەغدا بەناوی " وەزارەتی مافی مرۆڤەوە". ئەو بەرنامەیە دەنگدانەوەیەکی گەورەی لەناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دروستکرد.



PM:09:06:16/04/2018