کۆمسیۆن: 600 هەزار ناوی دووبارەو مردوو لە لیستی دەنگدەراندا لابراون

كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق رایدەگەیەنێت، 600 هەزار ناوی دووبارەو مردوو لە لیستی دەنگدەراندا لابراون هاوکات دڵنیاییش دەدات، لەوەی رێگری لەساختەكاری لەهەڵبژاردنی پەرلەمان دەكات.

رزگار حەمە، جێكری سەرۆكی ئەنجوومەنی كۆمیسیارانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەدا، هەوڵەكانیان خۆی لەهێنانی ئامێری ئەلیكترۆنی‌و دانانی قەڵەمی تایبەتی دەنگدان بۆ رێگری لەساختەكاری دەبینێتەوە وسەرجەم ئامادەكارییەكانیان بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تەواو بووە.

وتیشی، ناوی 600 هەزار دووبارەو مردوو لەلیستی تۆماری دەنگدەران سڕاوەتەوە، ئەوەش هۆكارێكە بۆ رێگری لەساختەكاری، هەروەها لە پاش هەڵبژاردنیش دەنگەكان لەرێگەی ئامێری تایبەتی ئەلیكترۆنی جیادەكەنەوەو لەماوەی 24 کاتژمێردا ئەنجامی بەرایی دەنگەکان رادەگەیەنرێت.

كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق ئاماژەی بەوەشكرد، بەشێك لە هاوڵاتیانی چوار پارێزگای موسڵ و سەڵاحەدین و ئەنبار و كەركوك ئاواربوون، بەڵام لەو ناوچانەی لێی نیشتەجێن بنكەی دەنگدانیان بۆ كراوەتەوە، تا ئێستاش زیاتر لە نۆ ملیۆن كارتی دەنگدان دابەشكراوە.

کۆمسیۆن روونیشیکردەوە، کە تۆماری دەنگدەران ئەلیكترۆنیە و لەكۆی عێراقیش 24 ملیۆن دەنگدەر هەیە تاوەكو ئێستاش زیاتر لە 11 ملیۆن كەس بایۆمەتری كردوەو 9 ملیۆن كەسیش كارتی دەنگدانی وەرگرتووەتەوە، كە بەتەنها لە موسڵ لە كۆی 2 ملیۆن دنگدەر لەماوەی 25 رۆژ 1 ملیۆن كەس بایۆمەتری بۆكراوە.

بڕیارە لە 12ی ئایاری داهاتوو هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەرێوەبچێت، كە تیایدا حەوت هه‌زارو 188 كاندید له‌ نزیك به‌ 100 قه‌واره‌ و هاوپه‌یمانێتی ركابه‌رایه‌تی له‌سه‌ر 329 كورسیی په‌رله‌مانی ده‌كه‌ن، کە هەولێر 15 كورسی و سلێمانی 18 كورسی و دهۆكیش 11 كورسیی بۆ دیاریكراوە و 3 ملیۆن و 144 هەزار و 730 دەنگدەر لە هەرێمی كوردساندا هەن و 25 لیست و 4 هاوپەیمانێتی بە زیاتر لە 710 كاندید ركابەرایەتیی دەكەن.



PM:12:55:23/04/2018