دەست بەسەر تۆمارێكی چاپكراوی دەنگدەراندا گیرا

دەست بەسەر تۆمارێكی چاپكراوی دەنگدەران لە توركیا گیرا، كە بە ناوی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكان و ڕاپرسیی هەرێمەوە بۆ هەردوو نووسینگەی دهۆك و هەولێری ئەو كۆمیسیۆنە نێردراوە.

موئەیەد ئەحمەد، بەرپرسی مەكۆی بزووتنەوەی گۆڕان لە بادینان رایگەیاند،"دوای پێكهێنانی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان و ڕاپرسیی هەرێمی كوردستان، پارتی دیموكراتی كوردستان لیستێكی دەنگدەری هێنابوو، كە لە توركیا چاپ كرابوو، ناوی دووبارە و مردووی تێدا بوو، دواتر ئەو تۆمارە نێردرابوو بۆ نووسینگەكانی هەولێر و دهۆكی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكان و ڕاپرسیی هەرێم".

وتیشی، دوای ئەوەی لایەنە سیاسییەکانی هەرێم بەو کارەیان زانی، ڕێگرییان كرد كە ئەو لیستە ببێتە لیستی دەنگدەرانی هەرێم و بە هۆیەوە ڕاگیرا".

لەلایەکی دیکەوە سەرچاوەیەكی بەرپرس لە نووسینگەی دهۆكی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكان و ڕاپرسیی هەرێم، بۆ هەفتەنامەی "ئاژانس"، وتی،"بەر لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لیستێكی دەنگدەرمان بۆ هات لە هەولێرەوە، كە كۆمپانیایەكی توركی چاپی كردبوو، بەڵام ئەو لیستی دەنگدەرانە هیچ نووسراوێكی ڕەسمیی كۆمیسیۆنی لەگەڵدا نەبوو".

وتیشی،  دوای بەدواداچوون و پەیوەندیكردن بە نووسینگەی سەرەكیی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانەوە دەركەوت، كە ئەو لیستە لە لایەن پارتییەوە ڕەوانە كراوە بۆ هەردوو نووسینگەی كومیسیۆنی هەڵبژاردنی هەولێر و دهۆك، پاساویشان ئەوە بووە، كە سەرەتا كۆمیسیۆن داوای لە لایەنه‌ سیاسییەكانی هەرێم كردبوو لیستێكی دەنگدەر ئامادە بكەن و بۆ كۆمیسیۆنی بنێرن، گوایە وایانزانیوە ڕێك کەوتوون لەسەری".

هاوکات عەبدولحەمید عەبدوڵڵا یاریدەدەری سەرۆكی كارگێڕیی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكان و ڕاپرسی بۆ كاروباری هونەریرەتیکردەوە کە  تۆماری دەنگدەرانی كۆمیسیۆنی هەرێمی كوردستان لە وڵاتی توركیا چاپ چاپکرابێتو وتی، "هیچ بنەمایەكی نییە، بەڵكو ئەو تۆمارە لە ناوخۆی كوردستان و لە چاپخانەیەكی هەولێر چاپ كراوە، هەروەها ئەو تۆمارەی كە پڕۆسەی ڕیفراندۆمی پێ ئەنجام درا لە كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق وەرگیراوە، بەڵام ئەوكات پڕ بوو لە كەموکوڕی".

PM:12:30:25/04/2018