حکومەتی هەرێم ئاگای لە سنوربەزاندنی تورکیا نییە

سه‌فین دزه‌یی وته‌بێژی  حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕایگەیاند، ئاگاداری‌ سنوربه‌زاندنی سوپای توركیا‌ و ئێران نین.

 وتەبێژی حکومەتی هەرێم، سەفین دزەیی بە دەنگی ئەمریکای راگەیاندووە "له‌ڕاستیدا هاتنی ئه‌و هێزی توركیا بۆ هه‌رێمی كوردستان پشت ڕاست ناكرێته‌وه‌ و ئه‌وه‌ی باسیان كرد بۆ ناحیه‌ی سیده‌كان به‌تایبه‌ت تۆپزاوا، چونكه‌ هه‌موان ده‌زانن ئه‌و ناوچه‌ سنوریانه‌ له‌ساڵانی هه‌شتاكانه‌وه‌ حكومه‌تی عیراق و توركیا سه‌باره‌ت به‌و ناوچانه‌ ڕێكکه‌وتنێكیان هه‌بوو كه‌ سوپای توركیا به‌مه‌به‌ستی ئه‌نجامدانی ئۆپراسیۆن ده‌توانن (٢٠كم) به‌قوڵایی خاكی عیراق بێنه‌ ژوره‌وه."

سەفین دزەیی ڕاشیگەیاند "بوونی هێزه‌كانی په‌كه‌كه‌ له‌و ناوچانه‌ وایكردووه‌ هه‌میشه‌ ده‌ستدرێژی بكرێته‌ سه‌رخاكی كوردستان، هیوادارین خاكی هه‌رێمی كوردستان نه‌بێته‌ جێگای ململانێ له‌گه‌ڵ توركیا یاخود ئێران."

وتەبێژی حکومەتی هەرێم وتوویەتی " خه‌ڵكی كوردستان خۆیان توشی نه‌هامه‌تی زۆر بوون و بەرگەی  ئاواره‌یی و نه‌هامه‌تی تر ناگرن و وتیشی "هیوادارم ئه‌و هێزانه‌ش كه‌ له‌و ناوچه‌ سنوریانه‌ن ڕێگه‌ به‌خۆیان نه‌ده‌ن چیتر ببه‌نه‌ هۆكاری نه‌هامه‌تی بۆ خه‌ڵكی كوردستان."
ناوبراو ڕه‌تیكرده‌وه‌ هاتنه‌ ناوه‌وه‌ی سوپای توركیا به‌ ڕێکكه‌وتن یا ئاگاداری حكومه‌تی هه‌رێم بێت، هه‌روه‌ها ڕه‌تیكرده‌وه‌ جگه‌ له ‌توركیا ئێران هاتبێتنه‌ ناو خاكی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌.

ڕاشیگەیاند، ئێران نیگه‌رانه‌ له‌ به‌رامبه‌ر جموجۆڵی هێزه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كان له‌ ناوچه‌ سنورییه‌كان،هه‌ندێك جار له‌و ناوچه‌ سنورییانه‌ خۆیان جموجۆڵی خۆیان ده‌كه‌ن ڕه‌نگه‌ هه‌ندێكجار پێكدادانیش هه‌بێت له‌نێوان هێزه‌كانی ئۆپۆزسیۆن و سوپای ئێرانیش.



AM:09:39:02/05/2018