سپی ژمارەی دەنگدەرانی هێزەکانی پێشمەرگە و وەزارەتی ناوخۆ ئاشکرا دەکات

ئەندامێکی ئەنجومەنی کۆمسیاران لە کۆمسیۆنی باڵای هەڵژاردنەکان ژمارەی دەنگدەرانی سەرجەم هێزە ئەمنییەکانی لە عێراق و هەرێمی کوردستان راگەیاند.

سەعید کاکەی، ئەندامی ئەنجومەنی کۆمسیاران لە کۆمسیۆنی باڵای هەڵژاردنەکان بە (سپی) راگەیاند، "لە رۆژی 10ی ئایاری 2018 لە کاتژمێر 7:00ی سەرلەبەیانی دەنگدانی تایبەت دەستپێدەکات و لە کاتژمێر 06:00ی ئێوارەش کۆتایی بە دەنگدانەکە دێت".

ئاماژەی بەوەشدا، "ژمارەی دەنگدەرانی تایبەت لە هێزەکانی پێشمەرگەو وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کودستان بریتییە لە 234هەزار دەنگدەر، هەروەها ژمارەی دەنگدەرانی هێزە عێراقییەکانیش بریتییە لە 980هەزار دەنگدەر".

بڕیارە ڕۆژی 12ی ئەم مانگە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەبچێت و بەکۆی سەرجەم قەوارەکان کە 205 قەوارەن 6994 کاندیدیان هەیە لەنێو کاندیەکانیشدا 4940 کاندیدیان پیاو و 2054 کاندیدیان ژنن و ڕکابەری بۆ بەدەستهێنانی 329 کورسی پەرلەمان دەکەن.

هەڵبژاردنەکە کە بەشێوەی لیستی نیمچە کراوە بەڕێوە دەچێت تیایدا عێراق کراوە بە 18 بازنەی هەڵبژاردنەوە، لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق 8148 ناوەندی دەنگدان و 51147 وێستگە هەیە.

لەم هەڵبژاردنەدا 59800 ئامێر بەکاردێت و لە 19 وڵات لەجیهاندا بنکەی دەنگدان دەکرێتەوە.



PM:06:58:06/05/2018