هۆشداری دەدرێتە دەنگدەران

ئەندامێكی ئەنجوومەنی كۆمسیۆنی باڵای كۆمسیارانی هەڵبژاردنەكانی عێراق هۆشداری دەداتە دەنگدەران و ئەو سزایە ئاشكرا دەكات كە رووبەڕووی ئەو كەسانە دەبێتە كە دوو جار دەنگ دەدەن.

سەعید كاكەیی ئەندامی ئەنجوومەنی كۆمسیۆنی باڵای كۆمسیارانی هەڵبژاردنەكانی عێراق رایگەیاند "هەر كەسێك دووجار دەنگ بدات لە 1 بۆ 15 ساڵ زیندانی دەدرێت".

ئەوەشی خستەڕوو "لەپڕۆسەی دەنگدانی گشتیدا كە سبەینێ‌ شەممە بەڕێوە دەچێت، 22 ملیۆن كەس مافی دەنگدانی هەیە".

ئاماژەی بەوەشدا "ئەم سیستمە تازەیەی كە بۆ دەنگدان پەیڕەو دەكرێت رێگری لەوە دەكات كەسێك دوو جار دەنگ بدات".

هۆشداریشیدا "هەر كەسێك ئەو كارە بكات یان هەوڵی بۆ بدات بەپێی یاسای ژمارە 111 و ماددەی 289  و 290 لەیاسای سزادانی عێراقی سزا دەدرێت لە 1 ساڵەوە تا 15 ساڵ".

بڕیارە سبەینێ‌ شەممە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەنجام دەدرێت و بەکۆی سەرجەم قەوارەکان کە 205 قەوارەن 6994 کاندیدیان هەیە لەنێو کاندیدەکانیشدا 4940 کاندیدیان پیاو و 2054 کاندیدیان ژنن و ڕکابەری بۆ بەدەستهێنانی 329 کورسی پەرلەمان دەکەن.



PM:03:45:11/05/2018