نەوەی نوێ: یەکێتى دەیەوێت دەستکاری ئەنجامەکانى هەڵبژاردن بکات

جوڵانەوەی نەوەی نوێ کە شاسوار عەبدول واحید سەرۆکایەتی دەکات رایدەگەیەنێت، یەکێتى لە هەوڵدایە و دەیەوێت کورسییەکانى خۆی لە سلێمانی بکات بە ٦ کورسی و نەوەى نوێش بکات بە ٢ کورسی.

لە راگەیەندراوێکدا کە لە ماڵپەڕی فەرمی جوڵانەوەکە "ئێن ئاڕ تی" بلاوکراوەتەوە، جوڵانەوەى نەوەی نوێ ئاماژە بەوەدەکات،" یەکێتى دەیەوێت دەستکاری ئەنجامەکانى هەڵبژاردن لە قازانجی خۆی بکات  و ئەم کارە بە هیچ شێوەیەک مایەی قبوڵکردن نیە و دەبێت یەکێتی بزانێت بەمە هیچ رێگەیەک ناهێڵێتەوە بۆ خەباتی مەدەنی".

هەروەها ڕاشیگەیاندووە،" نەوەى نوێ لە هەولێر یەکەم بووە و لە دهۆک دووەم بووە، بەڵام پارتی خۆی کردووە بە یەکەم لە هەولێر و هەموو دەنگەکانی دهۆکی نەوەی نوێی سوتاندووە".

ئەمەش لە کاتێکدایە پێنج لایەنى هەرێم ئەنجامەکانى هەڵبژاردن ڕەتدەکەنەوە و دەڵێن ساختەکاری کراوە و بە سودی لایەنەیکی هەرێم دەستکاری دەنگەکان کراوە.


PM:02:20:13/05/2018