کۆشکى سپى داوای لێکۆڵینەوە لە سکاڵاکانی هەڵبژاردنی عێراق دەکات

وتەبێژی کۆشکی سپی ڕایگەیاند، لەدوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئەمریکا سیاسەتی بەرامبەر حکومەتی عێراق نەگۆڕاوە و داواش لە کۆمیسیۆن دەکات لێکۆڵینەوە لە سکاڵاکان بکات.

سارا ساندەرس وتەبێژی کۆشکی سپی لە کۆنفرانسێکی هەواڵیدا سەبارەت بە پرسیاری ڕۆژنامەنوسێک کە پرسیبووی هەڵوێستی ئەمریکا چی دەبێت ئەگەر موقتەدا سەدر یاخود هادی عامری دەسەڵات بگرێتە دەست ڕایگەیاند، بابەتەکە بەگرنگ وەردەگرین بەڵام هیچ پلانێک نییە بۆ گۆڕینی سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر حکومەتی عێراق.

هاوکات هێزەر ناوێرت وتەبێژی کۆشکی سپی ڕایگەیاند، عێراق بە سەرکەوتوویی هەڵبژاردنی ئەنجامداوە و لەوبارەیەوە پیرۆزبایی لە هاوڵاتیانی عێراقکرد .

ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق لێکۆڵینەوەی تەواو لەبارەی ئەو ناڕەزاییانە بکەن کە دەوترێت ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکەدا کراوە.

وتیشی، داوا لە کۆمسیۆن دەکەین بە نزیکترین کات و هەر کاتێک ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دەرکەوتن ڕایانبگەیەنێت، چونکە لە نیگەرانییەکانی بەشێک لە هاوڵاتییانی عێراق تێدەگەین کە سەبارەت بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان هەیانە.

لە هەڵبژاردنەکانى پەرلەمانى عێراق لیستەکەى موقتەدا سەدر سەرکەوتنى بەدەستهێنا کە لە ماوەکانى پێشوودا ئەو سەرکردە عێراقییە چەندین جار دژایەتى خۆى بەرامبەر ئەمریکا دەربڕیوە.



AM:10:07:18/05/2018