پارتی بەشداری کۆبوونەوەی بەیانی پەرلەمانی عێراق ناکات

فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند" لەبەر چەند هۆكارێك بەشداری كۆبوونەوەی سبەینێی پەرلەمانی عێراق ناكەن".

ڕێناس جانۆ، وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە "وشه‌"ی ڕاگه‌یاندووە " فراكسیۆنی پارتی به‌یانی بەشداری كۆبوونەوەی پەرلەمان ناكەن، چونكە ئەو پەرلەمانتارانەی دەیانەوێت ئەو كۆبوونەوە بەپەلەیە بكرێت تەنها 81 پەرلەمانتار واژوویان كردووە و زۆربەشیان لایەنە دۆڕاوەكانن".

وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی ئاماژەی بەوەیشكرد " ئەگەر كێشەیەك هەیە دەبێت بەشێوازێكی فەرمی دیاری بكەن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پێویسته‌ بپرسین كه‌ ئایه‌ سەڵاحیەتی پەرلەمانە گفتوگۆ لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن بكات لە كاتێكدا تا ئەم دەقەیەیش ئەنجامی كۆتایی ڕانەگەیەندراوە؟".

بڕیارە سبەینێ كۆبوونەوەی بەپەلەی پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژاردنی 12ی ئایاری پەرلەمان بەڕێوە بچێت كە هەندێك لایەنی كوردی و عێراقی پێیانوایە ساختەكاری لە ئەنجامەكاندا كراون، بەڵام تا ئێستا روون نییە کە داواکارانی کۆبوونەوەکە بتوانن رێژەی ٥٠+١ لە ئەندامانی پەرلەمان ئامادەی کۆبوونەوەکە بکەن.



PM:10:55:18/05/2018