پارتی: دەبێت پۆستی سەرۆک کۆمار بۆ کورد بێت

فازل میرانی  لە پێش رێککەوتنی بۆ بەغدا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە پارتی و کورد داوای پۆستی سەرۆک کۆمار دەکەنەوە، نەک سەرۆکی پەرلەمان.

فازڵ میرانی، سەرۆکی شاندی پارتی پێش بەڕێکەوتنی لە فڕۆکەخانەی هەولێر بە رووداوی راگەیاند "دەبێت پۆستی سەرۆککۆماری عێراق بۆ کورد بێت، راستە پرۆتۆکۆڵییە، بەڵام سەرۆککۆمار رەمزی عێراقە و بۆ کورد باشە پۆستەکەی لەدەستبێت. هەروەها سەرۆکوەزیران نادەنە ئێمە، سەرۆکی پەرلەمانیش ئەگەر فراکسیۆنێکی گەورەی لەپشت نەبێت، وەکو سەرۆککۆمار لاواز دەبێت، بۆیە باشترە کوردێک رەمزی عێراق بێت".

لە درێژەی لێدوانەکەیدا میرانی وتیشی"بەبێ پارتی پۆستەکانی حکومەتی عێراق دابەشناکرێن". 

بڕیارە دوانیوەرۆی ئەمڕۆ کاتژمێر ١ وەفدی پارتی بەسەرۆکایەتی فازل میرانی لەگەڵ موقتەدا سەدر کۆببنەوە، دواتر سەردانی عەبادی، مالیکی، عەللاوی و سەرجەم لایەنەکان دەکەن.

پارتی خاوەنی ٢٥ کورسی و ٣ کورسی کۆتاکانە لە پەرلەمانی داهاتووی عێراق و بەیەکەم هێزی هەرێمی کوردستان هەژمار دەکرێت، ئەوە لەکاتێکدا کە شەش لایەنی کوردستان پێ لەسەر کاری ساختەکاری دەکەنەوە لە هەڵبژاردنەکەدا.



PM:12:24:22/05/2018