لە هەڵبژاردن پەرلەمانی کوردستان کارتی بایۆمەتری بەکارناهێنرێت


بەرپرسێكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی رایدەگەیەنێت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كارتی بایۆمەتری بەكارناهێنرێت و بەڵگەنامەکانی تر بەکاردەهێنرێت.

شۆڕش حەسەن، بەڕێوەبەری گشتی و پەیوەندییەكان لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە شاری هەولێر رایگەیاند، "بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كارتی بایۆمەتری بەكار نایەت، بەڵكو بەپێی بەڵگەنامەی كەسییەكان دەبێت كە ئەوان لەداهاتوودا و لە هەڵمەتێكی بانگەشە جۆری بەڵگەكان دەخەنەڕوو".

بەڕێوەبەری گشتی و پەیوەندییەكان لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە درێژەی قسەکانیدا وتی "لە ئەمڕۆوە تۆماركردنی قەوارە سیاسییەكان دەستی پێكردووە و تا رۆژی 7ی حوزەیران دەتوانن تۆماركردن بەردەوامە و ئەوانەی رێگە پێدراون دەتوانن فۆرمەكان پڕبكەنەوە".

سەبارەت بە جۆری هەڵبژاردنی داهاتوو، شۆڕش حەسەن روونیكردەوە، تائێستا یاساكە وەكو خۆیەتی و كوردستان یەك بازنە و لیستی نیمچە كراوەیە، بۆ ئەگەری ساختەكاریش، ئەو بەرپرسەی كۆمسیۆن جەختیكردەوە هەموو رێوشوێنێك بۆ رێگری ساختەكردن دەگرنەبەر.

نێچیرڤان بارزانی رۆژی 30ی ئەیلولی بۆ هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان دیارکردو کۆمسیۆن چەند هەفتەیەکە دەستی بە گرتنەبەری رێوشوێنەکان کردووە.



PM:08:42:27/05/2018