گۆڕان: 95%ی دەنگە دزراوەكانمان دۆزیەوە

ئەندامێكی ژووری هەڵبژاردنی بزووتنەوەی گۆڕان رایگەیاند، دوای پێنج رۆژ لە شەونخونیان توانیویانە سەدا 95ی دەنگەكانیان بدۆزنەوە و دەڵێت سەرجەم بەڵگەكان پێشكەشی دادگای تەممیز دەكەن.

بەڵێن ئیسماعیل، ئەندامی ژووری هەڵبژاردنی بزووتنەوەی گۆڕان لە گرتەیەكی ڤیدیۆییدا دەڵێت "ئەمڕۆ پێنجشەممە 31ی ئایاری 2018، لە شاری بەغدا كۆمەڵێك تانەی زۆریان ئامادەكردووە كە بەڵگەی تەواویان لەگەڵدایە لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق كە كۆمسیۆن رایگەیاندووە و ساختەكاری زۆر لە دەنگەكاندا كراوە.

لە ڤیدیۆكەدا كۆمەڵێكی زۆر بەڵگەنامە لەسەر مێزێك دانراون و ئەندامەكەی ژووری هەڵبژاردنی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت "ئەم بەڵگەنامانە ئەنجامی ماندوبوونی پێنج شەو شەونخونی ئێمەیە، ئەم بەڵگانە دەیسەلمێنێت چۆن دەسەڵات لە سلێمانی و شارەكانی دیكەی هەرێم ساختەكاری كردووە".

ئەوەش دەڵێت "بەپێی ئەم بەڵگەنامانە دەردەكەوێت بەشێكی زۆری ئەو كورسیانەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بۆخۆی بردووە بەڕێژەی لە سەدا 50 ساختەكاری تیادا كراوە، ئێمە لە ماوەی ئەو پێنج رۆژ شەونخونیەمان توانیمان سەدا 95ی ئەو دەنگانە بدۆزینەوە و ئەمڕۆ لە دادگای تەممیز لە بەغدا پێشكەشی دەكەین بۆ ئەوەی دەنگی راستەقینەی خۆمان بە دەستبهێنینەوە و نوێنەرایەتی راستەقینە، جێگەی نوێنەرایەتی ساختە بگرێتەوە". 

لە چەند وێنەیەكیشدا زمناكۆ جەلال، رێكخەری ژووری هەڵبژاردنی بزووتنەوەی گۆڕان و د. رێبوار كەریم، وتەبێژی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری دەردەكەوێت كە سكاڵاكانیان لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەكان پێشكەشی دادگای تەممیز دەكەن.




PM:12:41:31/05/2018