هۆشیار عەبدوڵلا: فوئاد مەعسوم و پارتی و یەکێتی لە هەوڵدان کۆبونەوەی پەرلەمان ئەنجامنەدرێت(نوێکراوەتەوە)

سەرۆککۆماری عێراق بە هاوبەشی لەگەڵ دوو حزبی سیاسی کوردستان(یەکێتی و پارتی) لە هەوڵدان رێژەی یاسایی کۆبونەوەکەی ئەمڕۆی پەرلەمان تەواو نەکرێت.

هۆشیار عەبدوڵلا، پەرلەمانتاری گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە "سپی" راگەیاند، " فوئاد مەعسوم، سەرۆککۆماری عێراق بە سەرجەم دامەزراوەکانی سەرۆکایەتییەوە لەگەڵ پارتی و یکێتی بە هەموو قورساییانەوە لە هەوڵدان بۆ ئەوەی کۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە وا بڕیارە لەسەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بەڕێوە بچێت، ئەنجامنەدرێت".

وتیشی،"جگە لە سەرۆککۆماری عێراق، پارتی و یەکێتی لیستی ناوی بەشداربوانی کۆبونەوەکەی رابردوی پەرلەمانیان هەم وەک قەوارەی سیاسی و هەم وەک ئەندامانی پەرلەمان وەرگرتووە و پەیوەندیان پێوە دەکەن، تاوەکو بەشداری لە کۆبونەوەکەدا نەکەن".

ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان ئاشکراشیکرد،" لە ئێستادا وەفدێکی یەکێتی بە سەرۆکایەتی مەلابەختیار، لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی ئەو حزبە و وەفدێکی پارتی بە سەرۆکایەتی فازل میرانی، سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی لە شاری بەغدان، لە ئێستادا  لە هەوڵدان و پەیوەندیان کردووە بە هەریەک لە حەیدەر عەبادی سەرۆکی کوتلەی نەسر، کە هاوکات سەرۆکوەزیرانی ئێستای عێراقە و ئەیاد عەلاوی سەرۆکی لیستی نیشتیمانی و چەن لیستێکی ترەوە، تاوەکو بەشداری لە کۆبونەوەکەی ئەمڕۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دا نەکەن .

بڕیارە کاتژمێر ٠٤:٠٠ی پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆببێتەوە لەسەر پرۆژەیاسای هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەکانی عێراق و بڕیاردان لەسەر هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی ١٢ی ئایاری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.




PM:03:35:06/06/2018