"هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە شەش مانگی داهاتوودا ئەنجام بدرێتەوە"

ئەیاد عەللاوی سەرۆكی هاوپەیمانی (نیشتمانی) داوای دەکات بەزووترین كات حكوومەتی عێراق بكرێتە حكوومەتێكی كاربەڕێكەر و لە ماوەی شەش مانگی داهاتوودا هەڵبژاردنێكی نوێ بۆ پەرلەمانی عێراق ئەنجام بدرێت.

عەللاوی جێگری سەركۆماری عێراق، لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندووە "وتاری ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی روون بوو كە هەڵبژاردنەكانی عێراق پڕ بووە لە پێشێلكاری مەترسیدار، سەرباری هەڵوێستی لایەنە نێودەوڵەتییەكان و ڕێكخراوە عەرەبیەكان و عێراقیەكان، كە هەموو هاوڕان هەڵبژاردنەكە ساختەكاری زۆری تێدا كراوە".

ئەم بەیاننامەی عەللاوی كە راستەوخۆ لە دوای ئاگركەوتنەوەكەی ئەمڕۆیە لە كۆگایەكی سندوقەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە بەری رەسافەی شاری بەغدا، كەچی بەبێ ئەوەی ئاماژە رووداوی سوتانەكە بكات، دووپاتی لەسەر دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردنەكانی عێراق كردووەتەوە.

سەرۆكی لیستی نیشتمانی هەروەها ئاماژەی بەوە داوە كە خودی كۆمسیۆنی باڵاش ئاماژەی داوە بەوەی 800 هەزار كارتی ساختەی دەنگدان پڕ كراونەتەوە، سەرباری چەند پێشێلكارییەكی تر كە سەعید كاكەیی ئەندامی ئەنجوومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنەكە ئاشكرای كردبوو.

عەللاوی نووسیویەتی كە هەر پەرلەمانێك لە ئەنجامی ئەم هەڵبژاردنە ساختەیەدا پێكبێت و هەر حكوومەتێكیش لەلایەن ئەم پەرلەمانەوە دروست بكرێ، دەبنە پەرلەمان و حكوومەتێكی دابڕاو لە هاووڵاتیانی عێراق، بۆیە پێویستە حكوومەتی ئێستە ببێتە حكوومەتی كاربەڕێكەر و لە ماوەی شەش مانگدا سەرلەنوێ هەڵبژاردنێكی تر لە عێراق ئەنجام بدرێت.

ئەو بەیاننامەیەی عەلاوی پێش سووتانی کۆگای سندوقی دەنگدان بوو لە رەسافە کە ئەمڕۆ پاش نیوەرۆ ئاگرەکە کەوتەوەو بەسەدان سندوق و کەلوپەلی کۆمسیۆن سوتان.



PM:10:02:10/06/2018