" هیچ دەنگێکی کوردستان لە ئاگرەکەی رەسافە نەسووتاوە"

سەرۆکی ئۆفیسی هەولێری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاشكرای دەکات هیچ دەنگێکی کوردستان لە ئاگرەکەی بەغدا، نەسووتاوە.
 
عەلی قادر، سەرۆکی ئۆفیسی هەولێری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە (کوردستان 24 )ی راگەیاند، سندووقەکانی دەنگدەرانی کوردستان سەلامەتن و نە سووتاون، ”لە سەنتەرێکی پێشانگای نێودەوڵەتیی بەغدا هەڵگیراون".

عەلی قادر لە درێژەی لێدوانەکەیدا رایگەیاند " هیچ سندووقێکی دەنگدانی هەرێمی کوردستان لە کۆگای وەزارەتی بازرگانی نەبوو، کە ئێوارەی رۆژی یەکشەممە 10/6/2018 سووتان، ”پێم وانییە دەنگێکی زۆر سووتابێ".

سەرۆکی ئۆفیسی هەولێری کۆمسیۆن بە ئاماژەکردن بەوەی، سندووقەکانی دەنگدانی کوردستان یەکلایی بوونەتەوە و هیچ کێشەیەکیان نەماوە و لە هەولێر هەڵبژاردن بە پاک و بێگەردی ئەنجام درا، رایگەیاند، ئۆفیسی هەولێر ئامادەیە بۆ بە دەست ژماردنەوەی دەنگەکان لە شوێنی تایبەتی کۆمیسۆن، ئەگەر بڕیاری ژماردنەوەی دەنگەکان بە دەست بکەوێتە بواری جێبەجێ کرد.

 هەندێک ناوەندی میدیای عێراقی ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە دەنگی قەوارەی سائیرونی موقتەدا سەدر لەو کۆگایەدا سووتاوە کە پاشنیوەرۆی دوێنی ١٠ حوزەیران لە بنکەیەکی پاراستنی دەنگەکان لە رەسافە سووتان. 



PM:12:27:11/06/2018