مەکتەبی سیاسی یەکێتی راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە

مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان راگەیەندراوێكی بۆ كۆچی دوایی عەلدوڕەزاق فەیلی بڵاوكردەوە و ئاماژەی بەوەدا، ماوەیەك بوو دووچاری نەخۆشی ببوو، سەرەنجام هەر بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد.

شەوی چوارشەممە 
به‌هۆی نه‌خۆشییه‌وه‌، عه‌بدولڕه‌زاق فه‌یلی، ئه‌ندامی ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌رانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ شاری پزیشكی فاروق لە سلێمانی كۆچی دوایی كرد.


دەقی رگەیەندراوەكە..

بەداخ و پەژارەیەكی زۆرەوە هەواڵی كۆچی دوایی سەركردەو و دامەزرێنەرێكی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان عەبدولرەزاق فەیلی رادەگەینین، گەلی ئازادی خوازی كوردستان
كەسوكاری شەهیدان
هاوسەنگەرانی سەرۆك مام جەلال
ئەی فەیلییە مەینەت بارەكان 
هەڤاڵانی یەكێتیی 

مەكتەبی سیاسی ی.ن.ك بە داخ و پەژارەیەكی قوڵەوە، بە خەم و كەسەرێكی ناخ هەژێنەوە هەواڵی كۆچی دوایی عەبدولرەزاق فەیلی یەكێكی تر لە دامەزرێنەرانی یەكێتیی، دوای كەمتر لە مانگێك لە كۆچی دوایی كاك عادل موراد فەیلی دامەزرێنەرێكی تری یەكێتی كاكە رەزاقیش بەرەو جیهانی سەروەریی كوردستان و هەڤاڵ و هاوسەنگەرانی و گەلەكەی دڵە هەمیشە پڕ لە ئومێدەكەی لە لێدان كەوت، جەماوەری دڵسۆزی یەكێتی.

عەبدولرەزاق فەیلی لە ناو چەوساندنەوەی نەتەوایەتی و سیاسەتی ستەمكاری بەرامبەر فەیلییەكان و پەروەردەی كۆڵنەدان بوو، لە شەستەكانەوە وەكو لاوێكی شۆڕشگێڕ ئەركی تێكۆشانی هەڵگرتووە و زیاتر لە نیو سەدە بۆ یەك رۆژیش پشووی نەداوە، و هەردەم لە سەنگەری رزگاری و دیموكراسی و عەدالەت  خوازیدا بووە.

لە دامەزراندنی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستانەوە لەسەر دەستی شەهید شەهاب و بە هاورێیەتی شەهید ئارام  و رابەرایەتی مام جەلال رێبازی چەپی دیموكراسی گرتۆتەبەر، لەدوای خیانەتنامەی 6 ی جەزائیریشەوە دەستبەجێ‌ خۆی دەگەیەنێتە سوریا و شانبەشانی سەرۆك مام جەلال دەبێتە یەكێك لە وەفادارترین تێكۆشەرانی یەكێتی، لەبواری رێكخستن، راگەیاندن و دیبلۆماسی چالاكی جەماوەری و هەڵمەتەكان دژی فاشییەكان پشووی نەداوە ، كاك رەزاق كەسایەتییەكی هێمن، پاك،  بێباك، فیداكار، راستگۆ، دڵسۆز بۆ راێبازەكەی و رابەرەكەی و هاورێكانی بووە، دژی هەڵپەهەڵپ و هەڵپەرستی و خۆپەرستی هەمیشە یەكێتی ناو یەكێتی یەكڕیزی كوردایەتی و هاوهەڵوێستی دیموكراتی خوازان، ئامانجی دوور و نزیكی بووە .

بەداخەوە ئەو تێكۆشەرە دێرین و سەنگین و پڕاو پڕ لە ئومێدە، ماوەیەك بوو دووچاری نەخۆشی ببوو، سەرەنجام هەر بەهۆی نەخۆشییەوە چاوی دوور لە كینەو چرای پڕ رووناكی ژیانی لێكنا و كوردستان ئاوایی لە كورد و كوردستان و هاوسەنگەرەكانی كرد.

مەكتەبی سیاسی یەكێتی  لە كاتێكدا هەواڵی ئەم كۆسپە جەرگبڕە بە گەلەكەمان رادەگەیەنێت لە هەمان كاتدا پەیمان دووپاتدەكاتەوە كەوا یەكێتییەكەی مام جەلال و عەبدولرەزاق، وەكو فێرگەی رەوشتی بەرزی كوردایەتی و حزبایەتی و هاوڕێیایەتی، لە ویژدانماندا بە نەمری دەمێننەوە.

سڵاو لە پاكی و بێباكی كاك رەزاق فەیلی.
هەزاران رەحمەت لە ئارامگاكەی.
مەكتەبی سیاسی ی.ن.ك 
13/6/2018


ئه‌م بابه‌ته ‌1794 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

AM:12:30:14/06/2018