قەرەیڵان: ئەگەر ئۆردوغان شەرەفی هەیە دێتە قەندیل

ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) موراد قەرەیلان دەڵێت " قەندیلیان کردووە بە یەکەم ئامانجی خۆیان و دەوڵەتی تورک دەیەوێت بە پەلامارە داگیرکارانەکانی پەکەکە لە باشووری کوردستان بکاتە دەرەوە و دوای ئەوە گوشار بخاتە سەر باشووری کوردستان و کەرکوک لە باشوور داببڕێت. هەروەها دەیانەوێت بە گوشار سیاسەتی باشوور ببەستنەوە بە خۆیانەوە. ئەوەش پرۆژەی نوێی دەوڵەتی تورک و پرۆژەی دەسەڵاتداریی ئاکەپە و مەهەپەیە".

موراد قەرەیڵان لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ کەناڵی ئاسمانیی ستێرک تیڤی وتی "ئەوان وادەزانن بۆ هەر کوێ بیانەوێت دەتوانن بڕۆن، بەڵام ئەوە راست نییە و ناتوانن، چونکە ئێمە دەولەتی تورک بە باشی دەناسین. ئەوەش دەزانین کە لە رووی سەربازی و رووەکانی ترەوە هێزیان لە ئاستێکدایە. ئێستا پڕوپاگەندە دەکەن و دەڵێن، دەڕۆین بۆ قەندیل، باشە ئەگەر ئەوان بچن بۆ قەندیل دەزانن رووبەڕووی چی دەبنەوە؟ هاتن بۆ قەندیل ئاسان نییە".

قەرەیلان ئەوەشی خستەڕوو "دەوڵەتی تورک بە تەنها خۆی بە ئێمە ناوێرێت. ئەزموونی ٣٥ ساڵ ئەوەی سەلماندووە. دەیانەوێت بە ئۆپراسیۆنێکی بەرفراوان ئەنجامێک بەدەست بهێنن، بۆیە ناچارن هەندێک کەس و لایەن لە خۆیان کۆبکەنەوە. بۆ ئەوەش دەیانەوێت هەندێک کورد لە خۆ بگرن. بۆ نمونە، لە عەفرین چەتە عەرەبەکانیان لەخۆ گرت، چونکا سوپای تورکیا هێزێکی جێگرەوەی لەگەڵ نەبێت ناتوانێت شەڕ بکات".
موراد قەرەیلان لە بەردەوامیی وتەکانیدا وتی "یانی ئەگەر هێزەکانی باشووری کوردستان هاوکارییان نەکەن، ئەوا سوپای تورکیا ناتوانێت هیچ بکات. ئەگەر هاوکارییان بکەن – ئەوەی کە ئێمە نامانەوێت رووبدات – پێشتریش و لە کاتی خۆیدا هاوکارییان کردبوون، بەڵام دیسانەوە ناتوانن ئەنجام بەدەست بهێنن. دەبێت پێش هەموو شتێک ئەوە بڵێم، هێرشکردنە سەر قەندیل رێگا بۆ شەڕێکی گەورە خۆش دەکات و ئەو شەڕەش شەڕێکی ئاسان نابێت".

موراد قەرەیلان ئەوەشی وت "بە بەردەوامی دەڵێن، ئێمە دەڕۆین بۆ قەندیل، بەڵام هاتن بۆ قەندیل یان شەنگال ئاسان نییە. پڕوپاگەندە بۆ هەڵبژاردن دەکەن. هەوڵ دەدەن وا خۆیان نیشان بدەن، کە بەهێزن. ئەردۆغان درۆی گەورە دەکات و دەڵێت 'من لە دژی پەکەکە ئۆپراسیۆن ئەنجام دەدەم و کۆتایی بە پەکەکە دەهێنم و کۆتایی بە هەڕەشەکانی سەر تورکیا دەهێنم' ئەگەر ئێو دێن بۆ قەندیل فەرموو بێن، بەڵام درۆ دەکەن و ناتوانن. ئەگەر نەیەن ئەوا بێشەرەفن. ئەگەر ئەردۆغان شەرەفی هەیە ئەوا دێت بۆ قەندیل. پڕوپاگەندەی زۆرە دەکەن لەبارەی هاتنیان بۆ قەندیل، بەڵام من دووبارەی دەکەمەوە، ئەوەی نەیەت بێشەرەفە. باشە وا دەزانن هاتن بۆ قەندیل ئەوەندە ئاسانە؟ ئەوەیان کردووە بەبابەتی پڕوپاگەندە بۆ خۆیان".

موراد قەرەیلان لە بەردەوامیی وتەکانیدا ئەوەشی وت "قەندیل شوێنێکی دێرین و ستراتیژیکی باشووری کوردستانە. ئێستا هاتوون و دەستیان بەقسەکردووە و دەڵێن 'قەندیل چۆڵکراوە، گەریلا قەندیلی چۆڵکردووە'، بەڵام گەلی هێژای قەندیل، ٢٠ ساڵە لە دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک خۆڕاگری دەکات و گوندەکانی خۆی و ماڵی خۆی چۆڵ ناکات. من لەو بڕوایەدام ئەوەی لە باشووری کوردستاندا زۆر بە باشی و زیاتر لە هەموو کەس لە راستیی دەوڵەتی تورکیا تێگەیشتووە، گەلی قەندیلە. بۆیە هەموو کات رێز و خۆشەویستیمان بۆ ئێرە هەیە. کەس قەندیلی چۆڵ نەکردوە. ئەگەر مەبەستیان ئێمەیە، ئێمە قەندیلمان چۆڵ نەکردووە و چاوەڕێی ئەوانین. قەندیل چۆڵ نەکراوە و ڕێوشوێن گیراونەتە بەر. ئەوە راستییەکەیە".

قەرەیلان وتیشی "قەندیل لە مێژووی کوردستان و ئەمڕۆشدا قەڵایەکی بەرخۆدانە. دەستبەرداربوون لە قەندیل ئاسان نییە. هیچ شتێکی لەو شێوەیە لەگۆڕێدا نییە و ئەوانەی دەوترێن، تەنها پڕوپاگەندەن... ئەوانەی دەیانەوێت بزانن باردۆخی قەندیل چۆنە، با بفەرموون بێن بۆ قەندیل".



PM:11:22:19/06/2018