گەشتوگوزاری سلێمانی ئاماری هاتنی گەشتیارانی جەژنی بڵاوکردەوە

بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری سلێمانی ئاماری هاتنی گەشتیارانی لە ڕۆژانی پشووی جەژنی ڕەمەزاندا بۆ پارێزگای سلێمانی بڵاوکردەوە و لەچاو ساڵانی ڕابردوودا ڕێژەکە زیادی کردووە.

عەلی ڕەئوف، بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری سلێمانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "کۆی گشتی ئەو گەشتیارانەی لە ١٢ی ئەم مانگەوە تا ٢١ مانگ ڕوویان لە پارێزگای سلێمانی کردووە، ١٣٩ هەزار و ٧٢١ گەشتیار بووە".

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو ژمارەیە بەراورد بە جەژنی ڕەمەزانی ساڵی ٢٠١٧ لەسەدا ٤٠ زیادی کردووە  کە ٩٦ هەزار و ٩٣٦ هەزار کەس هاتبوونە پارێزگای سلێمانی.

ئەوەشی خستەڕوو، لەسەدا ٨٥ی ئەو گەشتیارانە لە ناوەڕاست و خواروی عێراقەوە هاتوونەتە پارێزگای سلێمانی.

بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری سلێمانی ئاشکراشیکرد، لە ڕۆژانی پشووی جەژنی ڕەمەزانی ئەمساڵدا ٧ هەزار گەشتیاری ئێرانی ڕوویان لە پارێزگای سلێمانی کردووە و بەراورد بە جەژنەکانی پێشوو بە شێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە، هۆکارەکەشی بۆ زیادکردنی ڕسومات لەسەر گەشتیاران لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە گەڕاندەوە.



PM:12:00:23/06/2018