تورکیا داوای لێکۆڵینەوە لە دەنگۆی ساختەکاری لە ھەڵبژاردنەکانی کەرکووک دەکات

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بە توندی ئیدانەی تەقینەوەکەی شاری کەرکووکی کرد کە کۆگایەکی پاراستنی سندووقەکانی دەنگدانی کردە ئامانج و داواش لە  حکومەتی عێراق دەکات" بە زووترین کات لێکۆڵینەوە لەسەر دەنگۆیەکانی ساختەکاری لە ھەڵبژاردنەکانی کەرکووک بکات".

لە ڕاگەیاندراوێکدا وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بە ئەوە کرد"بە توندی ئیدانەی ئەو ھێرشە تیرۆریستییە دەکەین، سەرەخۆشی ئاراستەی خانەوادەی ئەو کەسانە دەکەین کە لە هێرشەکەدا گیانی لەدەستدا و ھیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازین"

هەر لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئەوەش هاتووە"  چاوەڕێی ئەوە دەکەین کە بەرپرسانی عێراق بە زووترین کات لێکۆڵینەوە لەسەر دەنگۆیەکانی ساختەکاری لە ھەڵبژاردنەکانی کەرکووک بە ئەنجام بگەیەنێت و رێوشوێنی پێویست بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی پارێزگاکە بگرێتەبەر".

هاوکات بەرەبەیانی ڕۆژی یەک شەممە تەقینەوەیەکە  لە کەرکوک ڕویداو و بەهۆیانەوە هاوڵاتییەک کوژراو و ٢١ کەسی دیکەش برینداربوون.

دواتر پۆلیسی کەرکووک ڕایگەیاند، تەقینەوەکە لەڕێگەی ئۆتۆمبیلێکی بۆمبڕێژکراوەوە بوو کە شۆفێری ئۆتۆمبیلەکە خۆکوژبوو کە بەنیازبووە لەناو کۆگاکانی کەرکوک کە سندوقەکانی دەنگدانی تیایە خۆی بتەقێنێتەوە بەڵام پێش گەیشتنی بە کۆگاکە خۆی تەقاندەوە.

لە ماوی ١٥ ڕۆژیشدا لە کەرکوک پێنج تەقینەوەی جیاواز ڕوویانداوە و بەهۆیانەوە پێنج هاوڵاتی کوژراون و ٣٦ هاوڵاتی تریش برینداربوون.



AM:09:07:02/07/2018