سەدر هۆشداری دەدات

موقتەدا سەدر سەرۆکی ڕەوتی سەدر ڕایگەیاند، بە هیچ شێوەیەک ڕێگەنادەن عێراق لەودیوی سنورەکانەوە بەڕێوەببرێت، بەڵکو دەبێت بە هاوپەیمانێتی بەڕێوەببرێت.

لە تویتێکدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر، سەرۆکی ڕەوتی سەدر ڕایگەیاندووە "بە هیچ شێوەیەک ڕێگەنادەین عێراق لە باکورەوە یان لە باشورەوە، لە خۆرئاواوە یان لە خۆرهەڵاتەوە، لەودیو سنورەکانەوە بەڕێوەببرێت".

ئاماژەی بەوەش کردووە "عێراق بە دەست و بازووی عێراقییەکان و بە نیشتیمانپەروەری ڕاستەقینە و بە هاوپەیمانێتی پاک و بێگەرد بەڕێوەدەبرێت کە دابەشکاری تایەفی تێپەڕاندبێت".

لە هەڵبژاردنەکەی ڕۆژی ١٢ی ئایاری ڕابردوودا لیستی سائیرونی موقتەدا سەدر توانی ٥٤ کورسی پەرلەمان بەدەستبهێنێت و دوای ئەویش هاوپەیمانی فەتح بە سەرۆکایەتی هادی عامری ٤٧ کورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا.



PM:06:50:05/07/2018