سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی لەھەرێم لە پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند، ٢٦٠ ھەزار كەس لە تۆماری دەنگدەرانی ھەرێم لابراوە و تۆمارێكی نوێ دروستكراوە.
ھەدرێن محەمەد لە پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند "ھەستاوین بە دروستكردنی داتابەیسێكی نوێ بۆ تۆماری دەنگدەران و كە زۆر جیاوازە لەو داتابەیسەی كە پێشتر ھەبووە و كاری زۆری لەسەر كراوە و تا ئێستا ٢٦٠ ھەزار كەس لە تۆمارەكە لابراوە و پاكراوەتەوە".
ھەدرێن محەمەد ڕاشیگەیاند، لەلایەن حكومەتەوە ٢٩ ملیار و ٢٥٠ ھەزار دینار بۆ كارەكانی ھەڵبژاردن تۆماركراوە و ٣٠ % بودجەكەی بۆ كڕینی ئامێرەكانی دەنگدان بووە و وتیشی "لە ئێستادا و بە پێی تۆمارە نوێكە ٣ ملیۆن و ١٢٠ ھەزار كەس مافی دەنگدانیان ھەیە لە ھەرێم".
ئەوەشی وت، لەگەڵ نەتەوەیەكگرتووەكان لە پەیوەندیدان و داوامان كردووە كە چاودێری خۆیان بۆ ھەرێم بنێرن.
سەرۆكی كۆمسیۆنی ھەرێم ئەوەشی وت، سیستمی دەنگدان ئاسایی دەبێت و دواتریش دەنگەكان بە دەستی دەژمێرێت و دواتریش ھەر قەوارەیەكی سیاسی وێنەیەكی ئەنجامی دەنگدانەكەی دەدرێتێ لەو وێستگەیە بە شێوەیەكی تەسدیقكراو و ئەگەریش دوای دەرئەنجامەكان جیاوازبوون لەوەی كە ڕادەگەیەنرێت دەتوانن سكاڵا تۆمار بكەن.