کۆمسیۆن ژمارەی دەنگدەرانی هەرێمی کوردستان بڵاودەکاتەوە

کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی کوردستان رایگەیاند " سێ ملیۆن و 88 هەزارو 642 هاوڵاتی لە هەرێمی كوردستان لە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان مافی بەشداری كردنیان هەیە".

بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەكان لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێم  شۆڕش حەسەن لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند " بەپێی تۆماری نوێی دەنگدەران لە پارێزگای هەولێر یەك میلۆن و103 هەزارو 732 هاوڵاتی مافی بەشداریكردنیان هەیە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، لە پارێزگای سلێمانیش یەك ملیۆن و 193 هەزارو 768 هاوڵاتی مافی دەنگدانیان هەیە، لە پارێزگای دهۆك-یش 722 هەزارو 920 هاوڵاتی و لە پارێزگای هەڵەبجەش 68 هەزارو 234 هاوڵاتی مافی بەشداری كردنیان هەیە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان".

هەفتەی پێشوو کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی کوردستان لە بەردەم پەرلەماندا کارەکانی خۆیان خستە روو، هەروەها ئاماژەیان بۆ ئەوە کرد تۆماری نوێی دەنگدەران لە ناوی دووبارە و مردووان پاککراوەتەوە.

بڕیارە لە 30ی ئەیلول هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان ئەنجامبدرێت، شەممەی رابردوو كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێم تیروپشكی بۆ ژمارەی 38 لیست و قەوارەی سیاسی ئەنجامدا.



PM:11:12:18/07/2018