توركیا سەركەوتنی ئۆپەراسیۆنی وڵاتەکەی لە شنگال راگەیاند

حكومەتی توركیا، سەركەوتنی ئۆپەرسیۆنی وڵاتەكەی لە شنگال راگەیاندو وتەبێژی سەرۆكایەتی كۆماری ئەو وڵاتەش دەڵێت "عەبادی بەڵێنی پاككردنەوەی شنگال و مەخموری لە گەریلاكانی پەكەكە داوە".

ئیبراهیم كاڵن، وتەبێژی سەرۆكایەتی توركیا، لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند " ئۆپەراسیۆنێكی سەركەوتوومان لە شنگال ئەنجامدا.

ناوبراو ئاشكراشیكرد، حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عیراق، ئامادەیی خۆی بۆ هاوكاریكردنی سوپای توركیا لە دژی پەكەكە دەربڕیوەو بەڵێنیشیداوە هەردوو ناوچەی شنگال و مەخمور لە گەریلاكانی پەكەكە پاكبكاتەوە.

دوێنێ 15ی ئابی 2018، فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا، هێرشیان كردە سەر شنگال و ئۆتۆمبیلێكیان كردە ئامانج، بەو هۆیەشەوە زەكی شنگالی ئەندامی كۆردیناسیۆنی جڤاكی ئێزدیەكان، شەهیدبوو.



PM:05:53:16/08/2018