ئەمریکا تەرخانکردنی ملیۆنان دۆلاری بۆ ئاوەدانکردنەوەی سوریا هەڵوەشاندەوە

ویلایەتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا بڕیاریدا بڕی ٢٣٠ ملیۆن دۆلار کە پێشتر بە مەبەستی جێگیرکردنی سەقامگیری لە سوریا تەرخانیکردبوو، هەڵبوەشێنێتەوە.

ھێزەر ناوێرت وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، بڕیارەکە بە هاوبەشی لە نێوان وەزارەتی دەرەوە و کۆشکی سپی دەرکراوە و وتیشی "ئەو بڕەپارەیە لە پرسە لە پێشینەکانی دیکەی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا خەرج دەکرێت".

هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، لە مانگی نیسانی رابردووەوە بڕی ٣٠٠ ملیۆن دۆلار لەلایەن ھاوپەیمانیی دژی داعش دەستەبەرکراوە، لەم بڕە پارەیە سعودیە ١٠٠ ملیۆن و ئیمارات ٥٠ ملیۆن دۆلاریان تەرخانکردووە.

ئەمە لە کاتێکدایە لە مانگی ئاداری رابردوو، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، وەزارەتی دەرەوەی راسپارد زیاتر لە ٢٠٠ ملیۆن دۆلار ھەڵپەسێرێت کە بۆ نۆژەنکردنەوەی ناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستان تەرخانکرابوو.



AM:09:06:18/08/2018