کۆمسیۆن ژمارەی دەنگدەرانی تایبەتی بڵاوکردەوە


بەڕێوەبەری گشتی داتا لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی ژمارەی دەنگدانی تایبەتی رایگەیاند کە 174 هەزار كەسەو، دەتوانن لە رۆژی دەنگدانی تایبەتدا دەنگ بدەن.

كاروان جەلال، بەڕێوەبەری گشتی داتا لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی له‌ لێدوانێكی ڕۆژنامه‌وانیدا راگەیاند، "هەموو ئەو ناوانەی بۆ رۆژی دەنگدانی تایبەت بۆ كۆمسیۆن هاتبوو 247 هەزار ناو بوو، بەڵام ئەوەی كە ماوەتەوە 174 هەزار ناوەو دەتوانن لەو رۆژەدا دەنگبدەن".

بەڕێوەبەری گشتی داتا لە كۆمسیۆن باسی لەوەش کرد بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتووچۆی هەرێم ناوەكانیان نەناردووە لەكاتی خۆیدا، ئەوانیش مافی دەنگدانیان هەیە و دەتوانن لە رۆژی دەنگدانی گشتیدا دەنگبدەن لەگەڵ خێزانەكانیان.

كاروان جەلال وتیشی، ئەو ژمارەیەش دابەشدەكرێن بەسەر شوێنی دەوامەكانیان و بە 48 كاتژمێر پێش هەڵبژاردنی گشتی دەنگ دەدەن.

تا ئێستا بڕیارە وایه‌ 30ی ئەم مانگە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەبچێت، هاوكات 11ی ئەم مانگە بانگەشەی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان دەستپێدەكات.



PM:07:24:05/09/2018