فەرید ئەسەسەرد: یەکێتی کاندیدی فەرمی و نافەرمی هەیە بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عیراق

ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی رایگەیاند جگە لە د.بەرهەم ساڵح، د.لەتیف ڕەشیدیش کاندیدی نافەرمی یەکێتیە، و تویویەتی "کاندیدم بکەن یاخود نا، ڕەزامەند بن یاخود نا لەدەرەوەی ئێوە خۆم کاندید دەکەم".

فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە دەنگی ئەمریکای راگەیاند،"هەر خۆی د. لەتیف ئامادەیی خۆی دەربڕی بوو بە رەزامەندی یا بێ رەزامەندی سەرکردایەتی خۆی کاندید دەکات، پێم وایە ئەگەر دەرگای خۆپاڵاوتن کرابێتەوە ئێستا خۆی کاندید کردووە، بەڵام د. لەتیف ئەگەرچی کادیرێکی پێشکەوتووی یەکێتیە بەڵام کاندیدی فەرمی یەکێتی نیە، واتە جیاوازیەکەی لەگەڵ د. بەرهەم ئەوەیە، د. بەرهەم کاندیدی فەرمی یەکێتیە بەڵام د. لەتیف کاندیدی نافەرمی یەکێتیە".

وتیشی،"هەموو ئەندامانی سەرکردایەتی دەیانزانی کە لەدەرەوەی یەکێتی د. لەتیف خۆی کاندید دەکات، چونکە بەهەموومانی وتبوو، ئەو بەپێی دەستور مافی خۆ کاندیدکردنی هەیە،ئێمە ناتوانین ڕێێ لێ بگرین.واتە ئێستا د. لەتیف دەبێتە کاندیدی نافەرمی یەکێتی ئەگەر دەنگی پێویستی هێنا بێگومان دەبێتە سەرۆک کۆماری داهاتووی عیراق".

لەبارەی ئەگەری دەرچوونی د لەتیف و بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆککۆمار باسی لەوەشکرد، "ئێـمە وەک یەکێتی هەرکەس دەرچێت مامەڵەی وەک سەرۆک کۆماری لەگەڵ دەکەین، د. لەتیف-یش ئەگەرچی کاندیدی نافەرمی ئێـمەیە، بەڵام ئێمـە کار بۆ کاندیدە فەرمیەکەی خۆمان دەکەین، هەروەها لە حاڵەتی دەنگهێنان و دەرچونی بێگومان وەک یەکێتی و پشکی یەکێتی لە سەرۆک کۆمار مامەڵەی لەگەڵ دەکەین و بە هی خۆمانی دەزانین". 

ئەسەسەرد سیاتر وتی، 
 "ئەگەر پێویست بکات هەوڵ دەدرێت د. لەتیف پەشیمان بکەینەوە بەڵام تا دوێنێش قسەمان لەگەڵ کرد ئەو هەر سورر بوو وە بەهەموو سەکردایەتی یەکێتی وت کە بەڕەزامەندی بێت یاخود نا خۆی کاندید دەکات، هەرچەندە ئەو زۆری پێخۆش بوو سەرکردایەتی یەکێتی دەنگی لەسەر بدات بەڵام ئەوە نەکرا، ئەوەی من ئاگاداربووم ئامادەکاری کردووە و پەیوەندی بەزۆر لایەن کردبوو بۆیە رەنگە ئێستا خۆی کاندید کردبێت".

لەبارەی رێککەوتنیان لەگەڵ پارتی بۆ کاندیدێکی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق ئاماژەی بەوە کرد، "لەدواین کۆبونەوەدا نەگەیشتینە هیچ ئەنجامێک، پارتی چەند بژاردەیەکی خستینە بەردەممان لەوانە ئەگەر پارتی و یەکێتی ڕێک نەکەون لەسەر پۆستی سەرۆک کۆماری عیراق ئەوا با بۆ کاندیدێکی کوردی بێ لایەن بێت بەڵام ئێمە رەتمان کردەوە بۆیە ئێستا بڕیارەکە وایە ئەوان کاندیدی خۆیان دەبێت ئێـمەش هی خۆمان".

هەروەها وتی،"ئێـمە ئەگەر دڵنیا نەبوینایە لەوەی کە پۆستەکە بۆ یەکێک لەکادیرەکانی یەکێتی دەبێت، ئەو "موجازەفە"یەمان نەدەکرد، دڵنیاشین سەرۆک کۆماری داهاتوو یەکێک دەبێت لەکادیرەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان".

پێشتریش فازڵ میرانی سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژەی بەوە کردبوو، دوو مانگ لەمەوپێش بەگوێچکەی یەکێتیدا چپاندمان کە پۆستی سەرۆک کۆمارمان دەوێت وەک پارتی، بەڵام بەبۆچونی من برادەرانی یەکێتی بەجدییان وەرنەگرت وایانزانی ئێـمە وەک" معامەلە"یەک ئەم قسەیە دەکەین".

وتیشی: "پارتی بەجدیەتی وەرگرتنی ئەو پۆستە بەڵام من ئەو ئەگەرەشم داناوە لەدواین خولەکدا کاندیدەکەی پارتی بکشێتەوە بەهۆی ئەوەی دڵنیا نەبوون دەنگی پێویست دەهێنێت".

لە کۆتایی قسەکانیدا ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی یەکێتی باسی لە سەردانەکەی بریت مەکگۆرگ کرد و وتی،"ئەو پشتگیری هیچ کاندیدێکی نەکردووە تەنها وتویەتی ئەگەر یەکێتی دەیەوێت پۆستەکە بەدەست بهێنێت با بەیەک کاندیدەوە بچێتە بەغدا، چونکە پێش کۆبونەوەکە قسەیەک هەبوو، کە یەکێتی دوو کاندید بنێرێ بۆ بەغدا لەوێ یەکلایی بێتەوە".

 یه‌كێتی نیشتیمانی کوردستان لە کۆبونەوەی سەرکردایەتیدا به‌ فه‌رمی به‌رهه‌م ساڵح-ی بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆماری عیراق كاندید كرد، بەڵام لە ئێستادا له‌تیف ره‌شید، كه‌ له‌ ده‌نگدانی نهێنی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی یه‌ك ده‌نگی هێنا، بڕیاریداوە له‌ ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتی خۆی بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆمار كاندید بکات.



AM:11:50:20/09/2018