پارتی چی پێشنیار دەکات بۆ یەکێتی تا دەستبەردرای پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق ببێت؟

پارتی چاوی لەسەر پۆستی سەرۆک کۆماری عێراقەو ئامادەیە چەند پۆستی گرنگ لەبەغدا بدات بە یەکێتی، بەو مەرجەی پۆستی سەرۆک کۆمار بدرێت بەوان.

سەرچاوەیەکی سیاسی ئاگادار بە سپی راگەیاند " پارتی دیموکراتی کوردستان ئامادەیە لەپشکی کورد لە حکومەتی عێراق پۆستی جێگری سەرۆک وەزیران و ئەو وەزارەتە سیادیەی بەر کورد دەکەوێت و پۆستی پارێزگاری کەرکوک پێشنیار بکات بۆ یەکێتی، بەلآم ئامادە نییە پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق بدات بە یەکێتی".

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد پێدەچێت ئەم تێڕوانینەی پارتی و مکوڕی لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار پرسێکی ستراتیژی بێت و پەیوەندی بە قەوارەی دوور مەودای پارتی و ناکۆکیەکانی لەگەڵ یەکێتی هەبێت، هەروەها پەیوەندی بەو گۆڕانکارییە گەورانەوە هەیە کە لەناوچەکەدا لە سالآنی داهاتوودا روودەدەن.

ئەوە لە کاتێکدایە کە هەندێک ناوەندی پارتی وەک سەرچاوەکەی سپی باسی لێوە دەکات، دژایەتیکردنیان بۆ بەرهەم ساڵح کاندیدی یەکێتی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار دەگێڕنەوە بۆ ئەوە کە " بەرهەم ساڵح بە عەرابی" رووداوی ١٦ ی ئۆکتۆبەر ناو دەبەن کە هێزە عێراقییەکان پەلاماری ناوچە جێناکۆکانیان دایەوەو کۆنترۆڵیان کرد"، هاوکات سەرچاوەکەی سپی ئەمە بەدوور دەزانێت و جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە پارتی دەمێکە لەوە گەیشتووە کە پۆستی سەرۆک کۆمار پۆستێکی سیادی گرنگەو رەنگە ئەگەر بەدەستی ئەوانەوە نەبێت لە ئایندەدا یەکێتی سوودی لێوەربگرێت و خۆی لەسەر بەهێز بکات.

رۆژی چوار شەممە ٢٠ ی ئەیلول سەرکردایەتی یەکێتی د. بەرهەم ساڵح یان کاندیدکرد بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، پاش ماوەیەکی کەم پارتی کاندیدکردنی ناوبراوی رەتکردەوە.   



PM:10:22:20/09/2018