هەپەگە کوژرانی ژمارەیەک سەربازی سوپای تورکیای راگەیاند

هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) رایگەیاند، لە ئەنجامی چالاکییەکی گەریلاکانیان بۆسەر سوپای تورکیا لە ناوچەکانی باکوور و باشووری کوردستاندا، ١٠ سەربازی تورکیا کوژراون و  دوو گەریلاش شەهیدبوون.


لە راگەیەندراوێکدا کە وێنەیەکی دەست "سپی" کەوتووە، هێزەکانی پاراستنی گەل- هەپەگە ئاماژەی بەوە کردووە، لە ٢٣ی ئەیلول لەدەڤەری بارزان لە باشووری کوردستان، گەریلاکانیان هێرشیان کردووەتە سەر سوپای تورکیا و لە ئەنجامدا شەش سەرباز کوژراون، وێڕای گەیاندنی زیانی مادیی بە سوپای تورکیا.

ئەوەش هاتووە، گەریلاکانیان چالاکییەکی نمونەییان لە ناحیەی قەلبان لە شرناخ ئەنجامداوە و بووەتە هۆی کوژرانی ٤ سەرباز و تێکشکاندنی ئۆتۆمبێلێکی سەربازیی تورکیا.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە ڕووبەڕووبوونەوەیاندا لەگەڵ سوپای تورکیا، دوو گەریلا بۆئەوەی بەدیل نەگیرێن نارنجۆکیان بەخۆیاندا تەقاندووەتەوە و شەهیدبوون.



AM:11:28:25/09/2018