یەکێتی وادەی کۆتایی هاتنی بانگەشەی ڕاگەیاند

یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان، سبه‌ی‌ پێنجشه‌ممه‌ له‌یاریگای‌ سیروانی‌ نوێ‌ له‌شاری‌ سلێمانی‌ ئاهه‌نگی‌ كۆتایی‌ بانگه‌شه‌ی‌ لیستی‌ 105ی‌ ده‌گێڕێت.

سه‌میر هه‌ورامی‌ لە پێگەی تایبەتی خۆی لە فەیسبووک نوسیویەتی "رۆژی پێنج شەممە ۲۷ی ۹ لە شاری سلێمانی لە یاریگای سیروانی نوێ کاتژمێر ٥ی ئێوارە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە بەشداریی هەڤاڵ قوباد تاڵەبانی کاندیدی ژمارە ۱ لە لیستی ژمارە ۱٠٥ی یەکێتی، ئاهەنگی کۆتایی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بۆ خولی پێنجەم ڕێکدەخات."

ڕاشیگەیاندووە "هەر وەک چۆن لە سەرەتاوە جەختمان لەوە کردەوە کە هەڵمەتێکی مەدەنیی دیموکراتییانە سەرپێ دەخەین و پابەند دەبین بە ڕێنماییەکانی (کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن وڕاپرسی)، هەر بەو شێوەیەیش کۆتایی بە هەڵمەتی بانگەشەکەمان دەهێنین. بەو پێیەی یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان بڕوای تەواوەتیی بە فرەیی سیاسی هەیە و شێلگیرانە بەرگریی لێکردووە، بۆیە خۆی بە بەرپرسیار دەزانێت لە پاراستنی ئەو کەشوهەوا دیموکراتییە."

سەمیر هەورامی وتەبێژی هەڵمەتی قوباد تاڵەبانی ڕاشیدەگەیەنێت داواش لە هەڤاڵان وئەندامان و لایەنگرانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکەین، وەکو چۆن لە ماوەی بانگەشەدا بەگەرموگوڕییەوە لەگەڵ یەكێتی و هەڤاڵ قوباد تاڵەبانیدا بوون، ئاواش سبەینێ بە هەمان گەرموگوڕییەوە بەشداریی بکەن و بۆ هەموو لایەکی بسەلمێنن کە هەمووان لەگەڵ یەکێتیدان."



PM:06:48:26/09/2018