نەوەی نوێ: دەبێت قەرەبووی کاسبکاران بکرێتەوە

جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەبارەی ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە لە بازاڕی لەنگەی هەولێر بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاندووە "پشتیوانی تەواوی خۆمان بۆ خۆپیشاندانی کاسبکارانی زیان لێکەوتووانی بازاڕی لەنگەی هەولێر ڕادەگەیەنین".

لە بەیاننامەکەدا کە وێنەیەکی بۆ "سپی میدیا" نێردراوە هاتووە "ناکرێت جوت حیزب و جوت بنەمالە سەرباری بە تاڵانبردنی نەوت و داهاتی ناوخۆ و قووت و مووچەی هاوڵاتیان و فەرمانبەران، ئێستا دێن و تەماع دەکەنە سەر موڵک و کەسابەتی کۆمەڵێك دوکانداری فەقیر و هەژاری شاری هەولێر و بژێوی ژیانی سەدان و هەزاران خێزان دەبڕن".

دەقی بەیاننامەکە:

هەمومان پێویستە لەسەر ئەو زوڵم و ناحەقییە بێینە دەنگ و پشتیوانی کاسبکارانی بازاری لەنگەی هەولێر بکەین

ئێمە وەک جوڵانەوەی نەوەی نوێ پشتیوانی تەواوی خۆمان بۆ خۆپیشاندانی کاسبکارانی زیان لێکەوتووانی بازاڕی لەنگەی هەولێر ڕادەگەیەنین و پێویستە دەستبەجێ قەبارەی زیانەکان دیاری بکرێت و قەرەبووی کاسبکاران بکرێتەوە.

هەروەها ناکرێت جوت حیزب و جوت بنەمالە سەرباری بە تاڵانبردنی نەوت و داهاتی ناوخۆ و قووت و مووچەی هاوڵاتیان و فەرمانبەران، ئێستا دێن و تەماع دەکەنە سەر موڵک و کەسابەتی کۆمەڵێك دوکانداری فەقیر و هەژاری شاری هەولێر و بژێوی ژیانی سەدان و هەزاران خێزان دەبڕن.

سەرباری دووپاتکردنەوەی پشتگیری جولانەوەکە بۆ ئەو کاسبکار و دوکاندارە زیان لێکەوتوانە، داواکارین هاوڵاتیانی ئەزیزی شاری هەولێر پشتیوانی لەو دوکاندارانە بکەن و هەموان پێکەوە بەشداربن لە دەربڕینی ناڕەزایی و خۆپیشاندان، و چیتر نەهێڵین دەسەلاتدارانی هەرێم بێباك بن بەرامبەر بە قووتی هاوڵاتیان.

جوڵانەوەی نەوەی نوێ
٢٠١٨/١٠/٢٦



PM:02:55:26/10/2018