هۆکاری زۆربوونی گەشتی فڕۆکەوانی بە ئاسمانی هەرێمدا ئاشکرا دەبێت

رۆژانە بەدەیان فڕۆکەی مەدەنی لە ئاسمانی شارەکانی هەرێم دەبینرێن و بوونەتە جێگای پرسیار، وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە دەڵێت:"ئەمە پەیوەندی بەو گەمارۆیەوە نییە لەسەر ‌وێرانەو، چەندین جاری دیکە کۆمپانیاکان داوایانکردوە کە زیاتر ئاسمانی عێراق بەکاربهێنن، چونکە رێگایان بۆ نزیک دەکاتەوە".

ئومێد محەمەد ساڵح وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەلێدوانێکی رۆژنامەوانی، رایدەگەیەنێت "؛ زۆربونی گەشتە ئاسمانیەکان بە ئاسمانی هەرێمی کوردستاندا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەگەر هێڵەکانی گەشتکردن بۆ وڵاتان، ئاسمانی عێراق و هەرێمی کوردستان بەکاربهێنن ئەوا نزیکەی یەک تا دو سەعات ماوەی گەشتەکانییان کەم دەبێتەوە، ئەوەش بوەتە هۆکاری زیادبونی ژمارەی گەشتەکان بەسەر ئاسمانی هەرێمی کوردستاندا ".

وتەبێژەکەی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن لەو لێدوانەیدا دەڵێت " بەکارهێنانی ئاسمانی عێراق و هەرێمی کوردستان، پەیوەندی بەو گەمارۆیەوە نی یە کە بڕیارە هەفتەی داهاتو لە لایەن ئەمەریکاوە بخرێتە سەر ئێران".

هەروەک ئاماژەی بەوە کردوە کە چەندین جار کۆمپانیاکان داوایانکردوە کە زیاتر ئاسمانی عێراق بەکاربهێنن، بەڵام بە هۆی رێکخستن و ترافیکەوە، عێراق توانای وەرگرتنی رێژەیەکی زۆری نییە، "چونکە هەمو ئەوانە پێویستی بە رێکخستن هەیە".
ماوەی چەند مانگێکە ژمارەیەکی زۆر فڕۆکەی مەدەنی لە ئاسمانی پارێزگاکانی هەرێم و عێڕاق دەبیندرێن و بوونەتە جێگای پرسیار.



PM:03:42:01/11/2018