قۆناخی دووەمی سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران دەستیپێکرد

بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 5ی تشرینی دووەم قۆناخی دووەمی سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران دەستیپێکرد، کە بە وتەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بێت، سەختترین سزاکانی ئەمریکا دەبێت بۆ سەر ئێران لە مێژووی خۆیدا.

لە کاتژمێر 8:00ی بەیانیئەمڕۆ قۆناغی دووەمی سزاكانی ئەمەریكا بەسەر ئێراندا چوونە بواری جێبەجێكردنەوە دوای كشانەوەی تاكلایەنەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا دێت لە رێكەوتنامەی ئەتۆمی ساڵی 2015 لەگەڵ ئێراندا.

بەر لە دەسپێکی گەمارۆکان بۆسەر ئێران مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا وتی: "ئەو گەمارۆیانەی کە دەستپێدەکەن، سەختترین گەمارۆکانن دژی ئێران، کە ئامانج لێی، کورتکردنەوەی دەستی گەورەترین پشتیوانی تیرۆیزمە لە جیهاندا. رژێمێک کە لە دوو هەفتەی رابردوو ئۆپەراسیۆنی تیرۆری لە دڵی ئەوروپا رێبەری کردووە".

وتیشی، "پێش دەستپێکردنی ئەم گەمارۆیانە توانیومانە هەناردەکردنی نەوتی ئێران بۆ یەک ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا کەمبکەینەوە کە دڵنیام زیاتر لەوەش دادەبەزێت".

مایک پۆمپیۆ ئەوەشی وت: "راشکاوانە بڵێم، لە مانگی 5 و راگەیاندنی سەرۆک ترەمپ بۆ کشانەوەمان لە رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران، سەدان کۆمپانیای ئەوروپی لە ئێران هەڵهاتوون. هەموو جیهان تێگەیشتوون کە ئەو سزایانە ریشەی پەرەپێدانی تیرۆر لەلایەن ئێرانەوە وشکدەکات. هەلێکیش بۆ ئێرانییەکان دەڕەخسێنێت تاوەکو ئەو گۆڕانکارییانەی دەیانەوێت لە گۆڕینی رژێمی ئێران، ئەنجامی بدەن".

دووەمین ماددەی سزاكانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا كاروبارەكانی پەیوەست بە نەوت لە خۆدەگرێت، وەك كۆمپانیای نەوتی نیشتمانی ئێران (NIOC) و كۆمپانیای تانكەری نیشتمانی (NITC). هەروەها سنوورداركردنی نێودەوڵەتی دەسەپێنێت بەسەر كڕینی نەوت، بەرهەمەكانی نەوت یان بەرهەمەكانی پێترۆكیمیای ئێراندا.
 
بۆ لابردنی ئەو گەمارۆیانەش لەسەر ئێران، ئەمەریکا چەند مەرجێکی دانەوە کە بریتین لە:

1- ئاشکراکردنی وردەکاری تەواوی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران و رێگەدان بە ئاژانسی وزەی ئەتۆمی بۆ گەڕان و پشکنینی وڵاتەکە.

2 - وەستاندنی پیتاندنی یۆرانیۆم لەلایەن ئێرانەوە.

3 - رێگەدان بە ئاژانسە نێودەوڵەتییەکان بۆ پشکنین و گەڕان بەدوای هەر وێستگەیەکی ئەتۆمی لە ئێران.

4 - وەستاندنی بەرهەمهێنانی مووشەکی بالیستی و هەر مووشەکێک کە توانای هەڵگرتنی کڵاوەی ئەتۆمی هەبێت.

5 - ئازادکردنی هەموو زیندانیێکی ئەمریکی و ئەوانەی هەڵگری ناسنامەی وڵاتانی هاوپەیمانی ئەمریکان.

6 - وەستاندنی پشتگیری بۆ "چەند گرووپێکی تیرۆریستی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست".

7 - وەستاندنی پشتگیری بۆ تاڵیبان و قاعیدە و" گرووپە تیرۆرستییەکانی دیکە"

8 - وەستاندنی پشتگیری بۆ سوپای قودس لەنێو سوپای پاسداراندا.

9 - ئاساییکردنەوەی هەڵسوکەوتی ئێران دژ بە ئیسرائیل و وڵاتانی هاوپەیمان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

10 - داماڵینی چەک لە حەشدی شەعبی لە عێراق.

11 - وەستاندنی پشتگیری بۆ حوسییەکانی یەمەن.

12 - کشانەوە لە سووریا و کشاندنەوەی سوپای پاسدارانی ئێرانی لە وڵاتەکەدا. 


AM:09:30:05/11/2018