دژی بڕیارەکەی ئەمریکا بۆ داواکردنی سێ سەرکردەی پەکەکە لە سلێمانی خۆپیشاندان بەڕێوەدەچێت

بڕیارە سبەینێ دووشەممە ١٢ی تشرین دووەم ژماریەک لە چالاکوانان و سیاسەتمەداران و هاوڵاتیانی سلێمانی خۆپیشاندانێک دژبە بڕیارەکەی ئەمریکا بۆ داواکردنی سێ سەرکردەی پەکەکە ئەنجامبدەن

کۆمیتەی ئامادەکاری چالاکییەکە  لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، بە دروشمی "ئێمە شۆڕشگێڕەکانی خۆمان نافرۆشین" و "سلێمانی لە بەرامبەر پیلانگێڕی دژ بە شۆڕشگێڕەکان بێدەنگ نابێت" چالاکوانان و سیاسەتمەداران و هاوڵاتیانی سلێمانی بە پێشەنگایەتی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، سبەینێ لە کاتژمێر ٣ی پاش نیوەڕۆ لە بەردەم باخی گشتی چالاکییەکی جەماوەریی ئەنجام دەدرێت.

هاوکات کۆمیتەی ئامادەکاری چالاکییەکە داوای لە هاوڵاتیان کردووە بە شێوەیەکی فراوان بەشداری بکەن و ئەو بڕیارەی ئەمریکا دژی پێشەنگەکانی شۆڕشی ئازادیی کوردستان شەرمەزار بکەن.

کۆمیتەی ئامادەکاری چالاکییەکە باسی لەوەش کردووە، سبەی لە چالاکییەکەدا لێدوانی فراوان دەدرێت بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن.


PM:08:41:11/11/2018