مەرجەکانی پارتی بۆ بەشداریپێكردنی لایەنەكان لە حكومەتی هەرێم ئاشکرا دەکرێت

بەرپرسی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سلێمانی و هەڵەبجە مەرجەکانی حزبەکەی بۆ بەشداریپێكردنی لایەنەكان لە حكومتی هەرێم ئاشكرا دەکات.

عارف تەیفور، بەرپرسی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سلێمانی و هەڵەبجە بە دەنگی ئەمەریكای راگەیاند، "پارتی مەرجی هەیە بۆ بەشداری پێكردنی لایەنەكان لە حكومەت، مەرجی ئەوەی لایەنەكان حكومەت بەجێ نەهێڵن، هەر چوار ساڵەكە بەخۆشی و ناخۆشیەوە لەگەڵمان بن، نابێت ئەمجارە لایەنەكان لە حكومەت نەبن و ببنە ئۆپۆزسیۆن لە دەرەوە، تەنانەت ئەگەر ڕەخنەیان هەبوو یان پەرلەمانتارەكانیان رەخنەیان هەبوو دەتوانن لە ڕێگای نوێنەرەكانیان لە حكومەت بیگەیەنن بەحكومەت".

وتیشی، نابێت ئەو لایەنەی بەشداری حكومەت دەكات پەرلەمان بكەنە مینبەری ئۆپۆزسیۆنبوون و هەوڵی روخانی ئەو حكومەتە بدەن، كە ئەوان پێكی دەهێنن.

 عارف تەیفور تەئکیدی لەوەشکردەوە، "دەبێت بە جددی ئەو بەڵێنانە لە لایەنەكان وەربگیرێت و پابەند مولتەزیم-یش بن پێوەی، ئەگەر لایەنێكیش ئامادەنەبوو ئەو بەڵێنە بدات ئەوا ئامادەنین بەشداری حكومەتیان پێبكەین ئەو وەختە چ ئیشمان پێیان هەیە، ئەمجارە نامانەوێت حكومەتێك پێكبهێنین كە حكومەتی بنكە فراوان بێت".

هەروەها ئەوەشێ خستەڕوو، "پارتی دەستەیەكی پێكهێناوە رۆژی هەینیش جەنابی سەرۆك گەڕایەوە، پارتی دەكەوێتە جەولە بەلایەنە سیاسییەكان ئەو دەستەیە لە چۆنیەتی پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەكان".

لەبارەی كارنامەی پارتی بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێم عارف تەیفور وتی، "بەرنامەی كاركردنمان ئەمجارە ئەوەیە ئەوەی بێتە پێشەوە ئەمجارە هێڵی سورمان لەسەر كەس نیە هەموو لایەنەكان دەتوانن بێن لەگەڵمان بەشداری حكومەت بكەن بەڵام ئێمە بۆ ئەمە مەرجمان هەیە كەنابێت بێنە ناو حكومەت كەتوشی قەیرانێك شەڕێك ناخۆشیەك بین بەجێمان بهێڵن و لەحكومەت بكشێنەوە، بینیمان ئەمجارە یەكگرتووی ئیسلامی چەند مانگێكی كەمی مابوو كە لەحكومەت كشایەوە، ئێـمە ئەمجارە ئەوەمان قبوڵ نیە".

لەوەڵامی ئەو پرسیارەی ئەمجارە حكومەت خۆی وەزیرەكانی گۆڕانی دەركرد، ئایا بەڵێن بەوان دەدەن دەریان نەكەنەوە جارێكی دیكە ئەگەر بڕیاری بەشداری كردنیان دا لەحكومەت، عارف تەیفور وتی، "وەزیرەكانی گۆڕانمان دەركرد فەترەیەك وتمان بچنە ماڵەوە، بەڵام لەكۆتایدا زۆر داوامان لێكردن بگەڕێنەوە نەگەڕانەوە، مەرج نیە ئەمجارە وا بە وەزیرەكانیان بڵێین بەڵام لەچوار ساڵی ڕابردوو گۆڕان ڕۆڵێكی خراپیان هەبوو لەگەڵ ئەوەی سەرۆكی پەرلەمان و وەزیرییان لە حكومەت هەبوو، بەڵام سەركردایەتی ئۆپۆزسیۆنیان دەكرد، هاواریان دەكرد بڕوخێ!".


AM:09:45:12/11/2018