ئاسایش وردەكاریی ڕوداوەكەی دوێنێی سلێمانی ئاشكرادەكات

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی ڕونكردنەوەیەك بڵاودەكاتەوە سەبارەت بەڕوداوی تەقەكردنەكەی دوێنێی سلێمانی، ئاشكراشیدەكات، "دەستگیركراون و خەڵكی كەركوكن".

بەگوێرەی ڕاگەیەنراوێكی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی كە وێنەیەكی بۆ "سپی میدیا" نێردراوە تێیدا ھاتوە "دوای ئەوەی زانیاریمان پێگەشت كە لەشاری كەركوكەوە دوو كەس بەناوەكانی (ج , س, ت)و (ە , ج, ر) ھاتونەتە ناوشاری سلێمانی بەمەبەستی دەستگیركردن كەسێك بەناوی (و , ج, ع) كە فەرمانی گرتنەكەیان پێبوە بەگوێرەی مادەی (٤) لەیاسای بنبڕكردنی تیرۆر".

ئاسایش ئەوەی ڕونكردۆتەوە، "ئەوكەسە لەسەرەتای ئەمساڵدا ھەستاوە بەكوشتنی دووكەس لەشاری كەركوك بەناوەكانی (ی، س، ت)و (ع، ێ، ر) ھەروەھا ماڵەكانیشی تاڵانكردون, ( ی، س، ت)ی كوژراویش برای (ج, س, ت)یە، ئەمان بەمەبەستی دەستگیركردنی بەفەرمانی دادوەر ھاتون بۆ شاری سلێمانی".

لەبەشێكی دیكەی ڕاگەیەنراوەكەدا جەختكراوەتەوە لەسەرئەوەی، "ھەرلەسەرەتاوە ھێزەكانمان زانیاریان ھەبوو، بەدوایانەوە بون و چاودێری وردیان كردون، پاش گەیشتنی ئەو دوكەسە بەسلێمانی لەناوچەی كڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێلەكانی نزیك تاسڵوجە لەگەلڕ (و, ج, ع)  یەكیان بینیوەو بۆتە دەمەقاڵەیان و تەقە دروستبوەو لەئەنجامدا (و, ج, ع) برینداركراوە دوو فیشەك بەر قاچی كەوتوە".

لەكۆتاییشدا ئاسایشی سلێمانی ئاشكرایكردوە، "دەستبەجێ مەفرەزەكانی بەڕێوەبەرایەتیمان دوو تەقەكەرەكەیان دەستگیركردوە, بریندارەكەش گەیەنراوەتە نەخۆشخانە، بۆیە ھەمولایەك ئاگاداردەكەینەوە كە بەھاوكاری ھەمولایەك ئارامی شار بەردەوامە".



PM:01:14:13/11/2018