"بەهۆی گازێکی مەترسیدارەوە بووە"
جارێکی دیکە کارەکانی داناغاز گیانلەدەستدانی لێکەوەتەوە

بۆ جاری دووەم کارەکانی کۆمپانیای داناغاز لە قەزای چەمچەماڵ گیانلەدەستدانی لێکەوتەوە و سپیش ئاشكرایدەکات ئەو گیان لەدەستدانە بەهۆی گازێکی مەترسیدارەوە بووە.

شێرزاد حەسەن جێگری نەخۆشخانەی چەمچەماڵ بە سپی میدیایی ڕاگەیاند ڕووداوەکە لە گوندی تارکە کە حەوت کیلۆمەتر لە شاری چەمچەماڵ دورە و دەکەوێتە باکوری ڕۆژئاوای شارەکەوە ڕوویداوە و کەسێک گیانی لەدەستداوە کە کەنەدییە دوو کوردیش بریندار بوون بە غاز و نەبراوەتە نەخۆشخانە لەبەرئەوەی ئەو کۆمپانیایە بەشی فریاکەوتنی تەندروستی خۆیان هەیە.

ئەم ڕووداوە لە کاتێکدا ڕوویداوە کە کۆمپانیای پارکەر دریلینگ بیری غازی هەڵکەندووە، ئەو کۆمپانیایە ئەمریکییە و لە لایەن داناغازەوە هێنراوە و داناغاز سەرپەرشتیی کارەکانیان دەکات.

سپی زانیویەتی کە ڕووداوەکە بە هۆی ترشی ھایدرۆلیک H2S ڕوویداوە کە گازێکی مەترسیدارە و لە کێڵگەکانی گازی سروشتیدا هەیە و، بڵاوبوونەوەی ئەو گازە مەترسی بۆسەر هاوڵاتیانیش هەیە.

چوار ساڵ لەمەوبەر بە هەمانشێوە لە یەکێک لە کارەکانی کۆمپانیای دانا غازدا تەقینەوە روویداو ئاگر کەوتەوە و بە هۆیەوە سێ هاوڵاتی کورد گیانیان لەدەستدا و تا ئێستاش هیچ لێپێچینەوەیەک لەو کۆمپانیایە نەکراوە، لە کاتێکدا کە تەنانەت ئەمبوڵانسی تایبەت نەبووە بۆ گواستنەوەی ئەو کەسانەی توشی ڕووداو دەبن.

ئەمەش لە کاتێکدا دێت کۆمپانیای دانا غاز پێشتر چەندین داوای یاسایی لەسەر حکومەتی هەرێم تۆمارکردووە و داوایەکی یاساییشی بردەوە، ئەم کۆمپانیایە لە زۆرێک لە وڵاتانیش کە کاردەکات کێشەی لەگەڵ وڵاتەکاندا هەیە و توانیویەتی سەرجەم ئەو داوایانەی لەسەر وڵاتان تۆماری دەکات بیباتەوە.

ئەو کۆمپانیایە لە ساڵی ٢٠٠٥ دامەزراوە و گەورەترین کۆمپانیای بواری گازی سروشتییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و کۆمپانیایەکی ئیماراتییە.



PM:01:26:16/11/2018