عێراق: هەرێم ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوت دەفرۆشێت، ئایا داهاتەکەی بۆ کوێ دەڕوات؟


وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند " ئێستا هەرێم رۆژانە بڕی ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوت دەفرۆشێت، ئایا داهاتەکەی بۆ کوێ دەڕوات؟".

عاسم جیهاد وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق دوای دەستکردن بە ناردنی نەوتی کەرکوک لە رێگای بۆری نەوتی کوردستانەوە بە دەنگی ئەمەریکای راگەیاندووە" دۆسێی هەناردەکردنی نەوت لە ڕێی بەندری جەیهانی تورکیاوە پاش ئەو ڕێککەوتنە پرەنسیپییە دێت لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستاندا بۆ هەناردەکردنی نەوت لەو بۆریانەی گواستنەوەی نەوت کە بە هەرێمی کوردستاندا دەڕۆن بۆ ناو تورکیا و ڕۆژانەش 50 تا 100 هەزار بەرمیلە نەوت هەناردە دەکرێت."

وەک دەنگی ئەمەریکا ئاماژەی بۆ دەکات جیهاد خۆی لاداوە لەوەی وەڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە سەبارەت بەوەی بۆ لە ئێستادا نەوت لە تورکیاوە هەناردە دەکرێت و ئایا پەیوەندی هەیە بەو سزایانەی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سەپاندونیەتییە سەر کۆماری ئیسلامی ئێران و دەڵێت وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە پێویستە حکومەتی نێوەندی عێراق بیداتەوە نەک وەزارەتی نەوت.

وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێت "ئەو ڕێککەوتنە پرەنسیپیەی نێوان بەغدا و هەولێر هەنگاوێکە بە ئاڕاستە دروستەکەدا بۆ چارەسەرکردنی کێشە و ئاڵۆزییەکانی نێوانیان."

 جیهاد ئاماژەش بەوە دەکات داهاتی ئەو نەوتە هەناردەکراوەی کەرکوک دەگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی حکومەتی فێدراڵی نەک بۆ هەرێمی کوردستان.



AM:12:10:17/11/2018