کەجەکە لەسەر کارەکانی یەکێتی هاتە دەنگ

هاوسەرۆکایەتیى دەستەى بەڕێوەبەریى کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە)، ڕاگەیەندراوێکی لەسەر یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بڵاوکردەوە و دەڵێت دەبێت یەکێتى لەسەر هێڵەکەى مام جەلال بێت.
کەجەکە ڕاگەیەندراوێکی لەسەر داخستنی بارەگاکانی تەڤگەری ئازادی بڵاوکردووەتەوە ڕایگەیاند "هەڵوێستێکى لەو جۆرە بەرامبەر بە بزووتنەوەیەکى کورد، کە کاری دیموکراتیک دەکات، هەڵوێست و رەفتاری قڕکەرانە و پاکتاوکارانەى دوژمنانی کورد بە بیری مرۆڤدا دەهێنێتەوە. روون و ئاشکرایە ئەو بڕیارە لەلایەن حکومەتى هەرێمى کوردستانەوە دەرکراوە. بڕیارەکە لەلایەن گەلەکەمانەوە قبوڵ ناکرێت".
لە بەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەی کۆما جڤاکێن کوردستاندا هاتووە"ئەو بڕیارە هیچ پەیوەندییەکى بە حقوق و یاسا و مافەکانەوە نییە. تەنانەت هیچ پەیوەندییەکى بە سیاسەتى باشووری کوردستان و سیاسەتى عێراقیشەوە نییە. دەبێت هەموو کەس ئەوە بزانێت دەوڵەتی تورک هەڕەشەى لێکردن و بەڕێوەبەرانی پارتی دیموکراتى کوردستان (پەدەکە) و یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان (یەنەکە) ئەو بڕیارەیان دەرکرد. ئەو نزیکایەتییە سیاسەتى کوردان بێ ئیرادە دەکات و دەیخاتە ژێر خواست و داواى هێزە دەرەکییەکانەوە. سیاسەتى کورد لە بریی ئەوەى یەکێتیى نەتەوەیى و هاوکاریى دیموکراتیک بە ناوی کوردەوە بکاتە بنەمای خۆی، لە بن گوشار و هەڕەشەى هێزەکانى دەرەوەدا سیاسەت دەکات. ئەوەش بووەتە کێماسی و کەموکوڕییەکى زۆر بەرچاو لە سیاسەتى کورد دا".
ڕاشیدەگەیەنن "لە سیاسەتى کورد دا، لە ژێر گوشاری هێزەکانى دەرەوەدا گوشار و زەخت بەرامبەر بە حیزب و بزووتنەوەکانى تری کوردستان بەڕێوەدەچێت. دەبیت کۆتایى بەو نزیکایەتییە بهێنرێت. تاوەکو سیاستى کورد ئەو کێماسی و کەموکوڕییە لە خۆی دوورنەخاتەوە، نە دەتوانێت خۆی بکات بە هێز و نە دەتوانێت دژی ئەو ئاستەنگییانە تێبکۆشێت، کە بۆی دێنە پێشەوە.
ڕوونیشی دەکاتەوە سەردانەواندن بەرامبەر گوشاری هێزەکانى دەرەوە و بەپێى گوشاری هێزەکانى دەرەوە،  گوشار و زەخت لە حیزبەکانى تری کورد دەکرێت، ئەوە پێش هەموو شتێک کارێکى وڵاتپارێزانە و نیشتمانپەروەرانە نییە. بۆیە ئەو کار و رەفتارە بەرامبەر بە تەڤگەری ئازادی جگە لە زیاتر تێکشکاندنی کەرامەت و شکۆ هیچ شتێکى تر بۆ یەکێتى بە دوای خۆیدا ناهێنێت. پێش هەموو شتێک دەبێت یەکێتى بگەڕێتەوە سەر ئەو هۆکار و بنەمایانە کە بوونی خۆی پێ رەوا دەکات. ئەو داوایە پێش هەموو شتێک لە پێناو خێر و بەرژەوەندیى یەکێتیدایە.
کەجەکە باس لەوە دەکات کە یەکێتی لە دژی بەها و پەیوەندییەکانی خۆی وەستاوەتەوە و پێویستە بگەڕێتەوە سەر هێڵی سیاسی جەلال تاڵەبانی سکرتێری کۆچکردووی حزبەکەیان و تێیدا هاتووە "هۆکارەکانى دامەزراندنى یەکێتى و هێڵی سیاسیى مامە جەلال ئەو رێگایەیە، کە دەبێت یەکێتى ئەمڕۆ لەسەر رێ بکات. ئەگەر نایەوێت لە دژی هۆکارەکانى دامەزراندن و بوونی خۆی، لە دژی بەها و پەیوەندییەکانى خۆی بوەستێتەوە، ئەوا پێویستە ئەو رێگایە بگرێتە بەر. ئەگینا ئەو جیاوازییە فرە رەنگییە، کە لە مێژوویى خۆیدا ئافراندوێتى خۆی لەناویان دەبات. ئەوەش زۆرترین زیان بە یەکێتى دەگەیەنێت و دەکەوێتە دۆخێکەوە، کە بەپێى داوا و خواستى دەوڵەتى تورک بجوڵێتەوە، کە دەوڵەتى تورکی داگیرکەری پاکتاوکاری قڕکەر نەک تەنها دوژمنایەتیى کوردانى باکوور، بەڵکو دوژمنایەتیى هەموو کوردان دەکات. ئەوەش لە هۆکارە مێژووییەکانى دامەزراندنی خۆی و لە هەستیارییەکەى مام جەلال ناوەشێتەوە. ".
لە بەشێکی تریدا کەجەکە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات ئەم کارانە زیانی بۆ هەموو کورد دەبێت و ڕایگەیاند "ئەگەر یەکێتى سەر بۆ داواکانى دەوڵەتى تورک دابنەوێنێت، کە پێشەنگایەتیى دژومنایەتیى کوردان دەکات، ئەوا داواکانى سنووریان نابێت و بەمەوە ناوەستێت. دەوڵەتی تورک خاوەنى فاکتەری هەڕەشەلێکردن و چاوسوورکردنەوەیە و دەیەوێت کورد بکات بە گژی یەکتردا و بەوەش کورد لەسەر دەستى کورد لاواز بکات".
ڕاشیگەیاندووە ئەوەى کە دەبێت یەکێتى ئەنجامی بدات، ئەوەیە کە لە دژی هێرشەکانى دەوڵەتى تورک بۆ سەر هێزەکانى تر و بەرامبەر بە حیزبە سیاسییەکانی کورد و دەستکەوتەکانى کورد، خاوەنی هەڵوێست بێت. ئەوەی یەکێتى بەهێز بکات و لەسەر پێ رایبگرێت، ئەو کارەیە.
کەجەکە ڕوونیشی دەکاتەوە کە دەبوایە یەکێتى لە بەرامبەر بڕیارەکەى ئەمریکا لە دژی ٣ پێشەنگی سیاسیى کورد هەڵوێستێکى روون و ئاشکرای هەبوایە، هاتووە لە دژی تەڤگەری ئازادی کەوتووەتە نزیکایەتییەکی چارەڕەشانەی لەو جۆرە و ئێمە هەموو کات لەگەڵ دۆستایەتیکردن لەگەڵ یەکێتى دا بووین و هەموو کات خواستومانە یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان، لە ناو یەکێتى و سیاسەتى کورد دا بێت.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە "بۆیە بە ناوی بزووتنەوەکەمانەوە بانگ لە یەکێتى دەکەین، کە دەست لەو هەڵوێستەى هەڵگرێت و پشت بە بنەما راستەقینەکانی هێزێک  ببەستێت، کە بەرزی دەکاتەوە بۆ سەر تەختەی مێژوو".



PM:02:18:30/11/2018