وەزارەتی ناوخۆی فەڕەنسا ئاماری خۆپیشاندانەکان ڕادەگەیەنێت

وەزارەتی ناوخۆی فەڕەنسا رایدەگەیەنێت، دوێنێ 136 هەزار كەس بەشداریی لەخۆپیشاندانەكانی ناڕەزایی دژ بەبەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی لەسەرتاسەری ئەو وڵاتەدا كردووە. ئاماری دەستبەسەرکراوان و بریندارانیش ئاشکرادەکات.

وەزارەتی ناوخۆی فەڕەنسا لە راگەیەندراوێكدا باسی لەوەشكردووە، دوێنێ 136 هەزار كەس بەشدارییان لە پڕۆتێستۆكاندا كردووە و كە 10 هەزاریان تەنها لە پاریسی پایتەخت بووە.

باس لەوەشكراوە لە خۆپیشاندانەكاندا، 263 كەس برینداربوون كە 81یان پۆلیسن و 630 كەسیش دەستبەسەركراون كە 378یان تەنها لە پاریسی پایتەخت دەستبەسەركراون.

لەم نێوەندەدا وەزیری دادی فەڕنسا، نیكۆڵ بێلوبێت لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "نزیكەی دوو لەسەر سێی ئەو كەسانەی دوێنێ دەستبەسەركراون، دادگایی دەكرێن".

لە میانی خۆپیشاندانەكانی فەڕەنسادا كە لە 17ی تشرینی دووەمەوە سەریهەڵداوە، دوو كەس گیانیان لەدەستداوە و هەزار و 43 كەسیش برینداربوون كە 222یان كارمەندی ئەمنین. هاوكات هەزار و 424 خۆپیشاندەریش دەستبەسەركراون



PM:02:44:03/12/2018