قائیمقامیەتی سلێمانی هۆشداریدەدات

قائیمقامیەتی سلێمانی بەهۆی پابەندنەبوون بەمەرج و ڕێنماییەكان كۆگایەكی خواردەمەنییە دەستگێڕەكان دادەخات، سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانیش مادە دەستبەسەردا گیراوەكان ئاشكرادەكات.

گۆران قادر، سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی لەڕاگەیەندراوێكدا بۆ "سپی" نێردراوە ڕایگەیاند، "بەهۆی پابەندنەبونی بەمەرج و ڕێنماییە تەندروستیەكان، كۆگایەكی ئامادەكردنی خواردەمەنییە دەستگێڕەكان لەكۆڵانی ئەوقافی شاری سلێمانی داخرا".

وتیشی "بەپێی ڕێنماییە تەندروستی و ڤێتێرنەرییەكان نابێت هیچ جۆرە گۆشتێك زیاتر لەجارێك خاوبكرێتەوە، لەبەرئەوەی كاتی خاوبونەوە بەكتریا لەناو خوێنەكە گەشەدەكات، بەها خۆراكیەكەی لەدەستدەدات، پێویستە تەنها ئەو بڕەی بەكاردەهێنرێت خاوبكرێتەوە".

گۆران قادر هۆشداریشی لەبەردەوامی كارو بەدواداچوونی لیژنە هاوبەشەكانداو وتی " لەلایەن لیژنە هاوبەشەكانەوەو لە‌كۆگای خاوەنی ئەو خواردەمەنیە دەست بەسەر زیاتر لە (200) كلیۆگرام گۆشتی خراپ بوو، لەگەڵ زیاتر لە (15) كیلۆ گرام نۆكی ئامادەكراودا گیراوە‌، كەخاوەنەكەی بەنیازی ساخكردنەوە لەناو نۆكاودا بووە، بەفەرمانی قائیمقامیش كۆگاكە دادەخرێت نۆك و گۆشتەكەش لەناودەبرێت و ڕێكاری یاسایی-یش بەرامبەر خاوەنەكەی دەگیرێتەبەر".



PM:12:56:12/12/2018