یەكێتی: شتێك نامێنێت بەناوی حكومەتی هەرێم

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هۆشداری لەبەشدارینەكردن لەكابینەی نوێی حكومەتی هەرێم دەدات و ئەندامێكی سەركردایەتیش دەڵێـت "ئەگەر بەشداری لە حكومەت نەكەین پێم وانیە ئەو كات شتێك بونی هەبێت ناوی حكومەتی هەرێم ".

فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە بەشی كوردی دەنگی ئەمریكا  ڕایگەیاند: هەروەك چۆن لەبەغدا پارتی تۆڵە لەیەكێتی دەكاتەوە لەپێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمیش، بەبەشداری پێنەكردنی (شەراكەتی ڕاستەقینە) دەیەوێت تۆڵە لەیەكێتی بكاتەوە، كێشەی كەركوك و وەزارەتی داد و پۆستی سەرۆك كۆمار ڕەنگدانەوەی سەرەكی لەسەر گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەت هەیە بەجۆرێك پێشبینیمان نەدەكرد بەم جۆرە ئاڵۆز بێت.

ئەسەسەرد دەڵێت "بژاردەی یەكەممان ئەوەیە بەشداری لەحكومەتدا بكەین، بەڵام ئەگەر ئەوەی خۆمان داوای دەكەین كە بەشداری ڕاستەقینە نەیەتە ئاراوە، بەدڵنیاییەوە ئەو كاتە ناچار دەبین بچینە سەر بژاردەی دووەم كە ئەویش بەشداری نەكردنە لەحكومەت".

ئەو ئەندامەی سەركردایەتی یەكێتی هۆشداریش لەتێكچوونی بارودۆخی هەرێم دەدات و ئاشكرایدەكات، "ئەگەر دۆخەكە بگاتە ئەو ڕادەیەی كە یەكێتی لەدەرەوەی دەسەڵات بێت و ببێتە ئۆپۆزسیۆن و بەشداری حكومەت نەكات، دۆخێكی تایبەت دێتە ئاراوە دەتوانم بڵێم نیو حكومەت لە ئارادا دەبێت و ناتوانرێت حكومەتی سەرتاسەری بێت دەسەڵاتی هەبێت بەسەر هەموو كوردستاندا، پێم وانیە ئەو كات شتێك بونی هەبێت ناوی حكومەتی هەرێم، هەتا ئەگەر بزوتنەوەی گۆڕانیش بەشداری بكات".

لەوبارەیەشەوە زانیاری زیاتر دەخاتەڕوو، دەڵێت "هەرچەندە لێكتێگەیشتنێكی لەوجۆرەمان لەگەڵ گۆڕان نییە، بەڵام ئەگەر مەسەلەكە هاتە ئەو ڕادەیەی ئێمە بەشداری لەحكومەت نەكەین، پێم وانییە ئەوانیش خۆیان تێوەبگلێنن لەكێشەیەكی زۆر گەورە، ئەگەر پارتی دەستبەرداری ئەم ڕەفتارەی نەبێت پێموایە، هەرێم بەرەو هەلومەرجێكی نادیار دەچێت، كە حكومەتی هەرێم زۆر درەنگ پێكدێت".



AM:10:21:19/12/2018