تاڵیبان: شێوازی حوكمڕانی 1996 دوبارە ناكەینەوە

لەسەروبەندی دانوستانەكانی ئاشتی لە ئەفغانستان، وتەبێژی تاڵیبان ڕایگەیاند کە هەمان شێوازی ساڵی 1996 لەو وڵاتەدا بەکارناهێنێت.

 زەبیحوڵا موجاهید وتەبێژی بزوتنەوەی تاڵیبان، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز رایگەیاند: ئەگەر رێككەوتنی ئاشتی لەنێوان حكومەتی كابول و تاڵیبان ئیمزا بكرێت، بزوتنەوەكەی هەمان شێوازی حوكمڕانی سەردەمی ساڵی 1996 لەو وڵاتەدا بەكارناهێنێت و  دەمانەوێت دڵنیایی بدەینە هاوڵاتیان كە لەلایەن ئێمەوە مەترسی بۆ سەر ژیانیان دروست نابێت.

زەبیحوڵا موجاهید لەدرێژەی چاوپێكەوتنەكەیدا وتیشی: سەرخستنی رێككەوتنی ئاشتی نێوان حكومەتی كابول و بزوتنەوەكەی، بەندە بە كشانەوەی هێزە بیانییەكان لە ئەفعانستان.

لێدوانەكەی وتەبێژی بزوتنەوەی تاڵیبان لەكاتێكدایە كە لەماوەی سێ‌ مانگی رابردوودا، لێپرسراوانی ئیدارەی واشنتۆن و بزوتنەوەی تاڵیبان، زنجیرەیەك دیدارو كۆبوونەوەیان ئەنجامداوە، بەمەبەستی ئیمزاكردنی رێككەوتنی ئاشتی، بەڵام تا ئێستا دەر ئەنجامەکان ڕوون نییە.


AM:10:00:29/12/2018