هاتوچۆی گەرمیان ئاماری ڕووداوەکانی ساڵی 2018ی ڕاگەیاند

هاتوچۆی گەرمیان ڕایگەیاند، لە ساڵی ٢٠١٨دا زیاتر لە ٣٠٠ ڕووداوی هاتوچۆی لە گەرمیان ڕوویانداوە بەوهۆیەوە ٥٤کەس گیانیان لەدەستداوە.

کارزان مەجید وتەبێژی هاتوچۆی گەرمیان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ڕووداوەکانی هاتوچۆ بەبەراورد بە ساڵی ٢٠١٧ لە گەرمیان زیادیکردووە بە جۆرێک لە٢٠١٧ ، ٢٦٤ ڕووداو ڕوویداوە بەڵام لە ساڵی ٢٠١٨دا ٣٢٢ ڕووداو بووە.

هەر بەهۆی زۆری ڕووداوەکانەوە ژمارەی گیان لەدەستدان و برینداربوونی هاوڵاتیانیش زیادیکردووە و بەپێی ئامارەکانی هاتوچۆ لە ساڵی ٢٠١٧،  ٥٦ هاوڵاتی گیانیان لەدەستداوە بەڵام لە ساڵی ٢٠١٨دا ٦٤ کەس بووە.

وتەبێژی هاتوچۆی گەرمیان باس لەوەش دەکات، جگە لە خراپی ڕێگاوبانەکان، بەکارهێنەرانی شەقام پاپەند نابن بە ڕێنماییەکانی هاتوچۆ و بەشێک لە ئۆتۆمبێلەکانیش مەرجی توندوتۆڵی تێدا نیە و لە ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە ٣٨ هەزار سەرپێچی هاتوچۆ لە گەرمیان تۆمارکراوە.

وتیشی، هەر بەهۆی ڕوداوەکانەوە لە ساڵی ٢٠١٨دا  ٥٠٣ ئۆتۆمبێل توشی زیان بوون، کە پێکهاتوون لە ٢٣٤  ئۆتۆمبێل تایبەت و ١٣٣ بارهەڵگر  و ٥٤  ئۆتۆمبێلی کرێ و ٨٤ ماتۆرسکیل.

کارزان مەجید ئەوەشی ختسەڕوو، کۆی داهاتی گشتی هاتوچۆی گەرمیان لە ساڵی ٢٠١٨ زیاتر لە ٨٧٥ ملیۆن و ٨٣٨ هەزار دینار بووە.

وتەبێژی هاتوچۆی گەرمیان هەر لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەدا ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە حکومەت لە کاتی نۆژەنکردنەوەی شەقامەکان ستانداری جیهانی پەیڕەو بکات نەک بەشێوەکی کۆن بەردەوام بێت تەنها بیری لای دووسایدکردنی ڕێگاکان بێت.



PM:02:15:03/01/2019