بەرپرسێکی هەرێم گەشبینە بەو گۆڕانکاریەکانی بودجەی هەرێم لەحکومەتی بەغدا


سكرتێری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت " گۆڕانكارییه‌كانی ره‌شنووسی بودجه‌ی 2019 ئه‌رێنین بۆ هه‌رێمی كوردستان'.

 ئامانج ڕه‌حیم، سكرتێری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ باره‌ی زیادكردنی پشكی هه‌رێم له‌ بودجه‌ی 2019ی عێراق، له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک رایگه‌یاندووه‌ :"لە وەرزی قەرەبووی فەرمانبەران (تعویڤات الموڤفین)، تەرخانکراوی ساڵانەی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان لە (٣ ترلیۆن و ٨٢٨ ملیار) دینار زیادکراوە بۆ (٥ ترلیۆن و ٤٤٨ ملیار ) دینار، واتە لە (٣١٧ ملیار دینار ) مانگانە زیادکراوە بۆ (٤٥٤ ملیار دینار) مانگانە واتە، بە جیاوازی ١٣٧ ملیار دینار مانگانە".

سكرتێری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان روونیشیكردۆته‌وه‌ :"دەستنیشانکردنی مووچەی پێشمەرگە لەسەر بنەمای تەرخانکراوی سوپای عێراقی نەک تەنھا لەسەر تەرخانکراوی (مووچە)ی سوپای عێراقی، به‌مه‌ش; خەرجکردنی مووچەی مووچەخۆران و مووچەی پێشمەرگە به‌یه‌كه‌وه‌ نه‌به‌ستراوه‌ته‌وه‌، بە پابەندبوونی ھەردوو حکومەت بە ئیلتیزامیی نەوتی نێوانیان".

ناوبراو ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات :"له‌ ره‌شنووسی نوێی بودجه‌دا; زۆربەی ئەو دەستەواژانەی کە بە پێچەوانەی دەستوور ناوی ھەرێمی کوردستانیان بە پارێزگاکانی ھەرێم یان پارێزگاکانی باکوور ھێنابوو نه‌ماوه‌".

ئەوەشی خستەروو‌ :"ھێشتا ئەم بڕگانە پڕۆژەن و کەوتنەبواری جێبەجێکردنیان وابەستەیە بە پەسەندکردنیان لە ئەنجومەنی نوێنەران، بەڵام ئەوەی جێی خۆشحاڵیە ئەم گۆڕانکارییانە لە لایەن ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی فیدڕاڵەوە ئەنجامدراون، و بە پێی پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەنی نوێنەران و پێشینەی دادوەری بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدڕاڵی دەسەڵاتی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ گۆڕانکاریی لەم بڕگانە بە بێ گەڕانەوە بۆ حکومەت سنووردارە، چونکە ئەو پرۆژە قانونە لە لایەن حکومەتەوە ڕەوانە کراوە".

ئامانج رەحیم لە کۆتایی پۆستەکەیدا دەڵێت "لەم قۆناغەدا یەک دەنگی و یەکگرتوویی فراکسیۆنە کوردستانیەکان لە ئەنجومەنی نوێنەران گرنگە بۆ دابینکردنی ماف و شایستە داراییەکان، بە تایبەتیش کە دەستوور و پڕۆژە قانونی بودجەی ساڵی ٢٠١٩ دەرفەتی گەورەیان تیادایە".



PM:09:55:11/01/2019